هەواڵ

پێویستە حکومەتی ھەرێم لەگەڵ بەغدا خۆی یەکلابکاتەوە

ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا نازانرێت حکومەتی ھەرێم نەوت ڕادەستی بەغدا دەکات یاخود نا، دەشڵێت " پێویستە ھەرێم بەزوویی خۆی یەکلابکاتەوە".

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی نھا-ی ڕاگەیاند "تاوەکو ئێستا حکومەتی ھەرێم بە فەرمی ھەڵوێستی خۆی ڕانەگەیاندووە سەبارەت بە ڕادەستکردنی نەوت و نازانرێت ڕۆژانە ئەو ٢٥٠ ھەزار بەرمیلەی بۆی دیاریکراوە لە بودجەدا دەینیرێت یاخود نا، بۆیە تا ئێستا نازانین بەغدا چۆن پشکی ھەرێم لە بودجە ڕەوانە دەکات".

وتیشی " پێویستە بەزوویی حکومەتی ھەرێم خۆی یەکلا بکاتەوە و بڕیاری فەرمی بدات لەو بارەیەوە، بۆ ئەوەی بەغداش بەوشێوەیە پشکی ھەرێم بنێرێت کە پێوستە".

ئاماژەی بەوەشدا "ئێستا لەپشووداین و دوای گەڕانەوەمان بۆ بەغدا لەمانگی سێ دا، چاودێری جێبەجێکردنی بودجەکە دەکەین، دەبێت ھەموو شایستە دارییەکانی ھەرێم لەبەغداوە رەوانە بکرێت".

ئەوەشی خستەڕوو " ماوەیەکی زۆر کەمە یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عیراق چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەتەواوی جێبەجێنەکراوەو تاوەکو ٢٥ و کۆتایی ئەم مانگەش دەرفەت ھەیە، کە حکومەتی عیراق موچەی فەرمانبەران رەوانە بکات و تەنھا ھەرێم نیە، بەڵکو پارە بۆ ھیچ پارێزگایەکی دیکەی عێراق نەنێردراوە". 

2019-02-23
زیاتر...