گفتوگۆکانی یەکێتی و پارتی دەستپێدەکاتەوە
ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ
ئەمڕۆ شەممە ٢٣/٢/٢٠١٩ ، کۆسرەت ڕەسووڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و پەرلەمانتارێکی بەشدار لە کۆبوونەوەکەش ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرا دەکات.
لەو بارەیەوە، عەبدولناسر ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ئاژانسی نھا-ی ڕاگەیاند " کۆبوونەوەکە بۆ پیرۆزبایی کردن لە ئەندامانی فراکسیۆنەکە بووە و بەڕێز کۆسرەت ڕەسوڵ داوای یەکڕیزی و کارکردنی بەکۆمەڵی لێکردین و لە ھەمانکاتدا کارکردن بۆ بەرژەوەندی گشتی".
سەبارەت بە بەشداریکردنی فراسیۆنی یەکێتی لە کۆبوونەوەکانی داھاتووی پەرلەماندا، پەرلەمانتارەکەی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد " تاوەکو ئێستا نازانین بەشدار دەبین یاخود نا، بەڵام ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەبێتەوە و دوا ھەڵوێستی یەکێتی ڕادەگەیەنن سەبارەت بەو پرسانە و ئەوکات ڕووندەبێتەوە کە ھەڵوێستی یەکێتی بۆ ئەم قۆناغە چی دەبێت".
ئەوەشی ئاشکراکرد " بەپێی زانیارییەکانی من بەم نزیکانە گفتوگۆکانی یەکێتی و پارتی دەستپێدەکاتەوە و ئومێد ھەیە بەمزووانە کێشەکان چارەسەر بکرێن".
|