هەواڵ

بە هۆی تەقەكردن لە یانەیەكی شەوانە كەسێك دەستگیركرا

ئاژانسی نها: ژووری هەواڵ

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، بە تۆمەتی تەقەکردن لە چەند یانەیەکی شەوانە تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە و شوێنەواری فیشەكیش بە یانەکانەوە دیار بووە .

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، شەوی (٢١ی شوباتی ٢٠١٩) لەناو سنوری گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی، كەسێك پشێوی و ئاژەوە دروست کردووە و تەقە لە سێ‌ یانەی شەوانە کردووە. دوای رووداوەکەش‌ هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار گەیشتوونەتە شوێنی ڕوداوەكە و كەشف و هێڵكارییان بۆ شوێنەكە كردووە و لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێکردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، پاش وەرگرتنی فەرمانی دادوەر و وەرگرتنی وێنەکانی كامێراكانی چاودێری و ناسینەوەی وێنەی تۆمەتبار، توانرا لە ماوەی كەمتر لە ٢٤ كاتژمێر تۆمەتباری ڕوداوەكە دەستگیربكرێت.

 پۆلیسی سلێمانی ئاشکراشی کردووە، توانیویانە دەستبەسەر دەمانچەیەكیشدا بگرن كە بەتۆمەتبارەکە بووە .

بەپێی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، لەئێستادا تۆمەتبار بەفەرمانی دادوەر راگیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.
2019-02-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.