راپۆرت

یەکێتی سیاسەتێکی جیاواز لە ڕابردوو بەرامبەر پارتی پەیڕەو دەکات

ئاژانسی نھا: ڕاپۆرت

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سیاسەتێکی تەواو جیاواز لە ڕابردوو بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان پەیڕەو دەکات و لایەنگرانی ئەو حزبە پێیانوایە بەھۆی یەکڕیزی ناوخۆییەوە یەکێتی توانیویەتی بەرامبەر پارتی و ئەو لایەنانەشی شوێنی کەوتوون بوەستێت، کە خاڵی سەرەتای ئەو گۆڕانکاریەی یەکێتی لە بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقەوە دەرکەوت.

لە دوای نەخۆش کەوتن و دواتریش کۆچی دوای خوالێشبوو جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی، ئەو حزبە بە دەست ھەندێک کێشەی ناوخۆییەوە دەیناڵاند و باس لەوە دەکرا کە یەکێتی لە ھەڵوێستەکانی بەرامبەر پارتی لاواز دەردەکەوێت.

لە دوای ھەڵبژردنەکانی پەرلەمانی عێراق و کاندیدکردنی بەرھەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لەلایەن یەکێتیەوە، کە ئەو پۆستە پشکی یەکێتیە، پارتی بۆ دژایەتیکردنی یەکێتی فواد حسێنی کاندید کرد بۆ ئەو پۆستە و بووە ڕکابەری کاندیدەکەی یەکێتی، بەڵام یەکێتی بەھۆی پشتگیری زۆرینەی لایەنەکانی دیکەی پەرلەمان بۆ کاندیدەکەی یەکێتی، بەرھەم ساڵح بە جیاوازییەکی زۆر سەرکەوتنی بەدەستھێنا و بووە سەرۆک کۆماری عێراق، زۆرینەی چاودێرانی سیاسی باسیان لەوە دەکرد ئەوە گەورەترین شکستی پارتی بووە بەرامبەر یەکێتی لە دوای نەمانی خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی.

لە دوای ئەوە و لە پرسی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتدا یەکێتی بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە، پێویستە حکومەتی ھەرێم و کەرکوک و بەغدا بە یەک پاکێج گفتوگۆیان لە بارەوە بکرێت، بەڵام پارتی تاوەکو ئێستاش بەوە ڕازی نەبووە.

لەو نێوەندەدا یەکێتی کارتێکی فشاری دژی پارتی بەکارھێناوە، ئەویش ئەوەیە کە تاوەکو پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ یەکێتی یەکلا نەبێتەوە، ئەوانیش ڕازی نابن سەرۆکایەتی ھەرێم کارا بکرێتەوە، کە پارتی ماوەیەکی زۆرە داوای کاراکردنەوەی دەکەن، کە ئەگەر بشتوانن  بەبێ یەکێتی ئەوە بکەن بەڵام لە ڕووی سیاسیەوە ناتوانێت سەرکەوتوو بێت. 

ئەمە کێشەیەکی زۆر گەورەیە بۆ پارتی چونکە وەک لە ڕابردوودا باس لەوە دەکرا و دیاری ئەنوەر، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە نھا ڕایەگەیاندبوو " پارتی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی لە نێوان دوو ئامۆزاکەدا دەیەوێت پۆستی سەرۆکی ھەرێم کارا بکاتەوە و ئەو پۆستە بداتە نێچیرڤان بارزانی".

ھاوکات، زۆرینەی بەرپرسانی یەکێتی لە ماوەی ڕابردوودا جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە پێویستە لەم کابینەیەدا بەشداری ڕاستەقینەیان ھەبێت و ھەموو دەسەڵاتەکان لای پارتی نەبێت و تاک لایەنە بڕیار نەدات.

جەختلەوەش دەکەنەوە، کێشەی حکومەتی ھەرێم چەند گرنگە بۆ ئەوان، کێشەی کەرکوکیش ھێندە گرنگە و پێویستە ھەمووان ھەوڵی چارەسەرکردنی بدەن، دەشڵێن، ناکرێت لە ھەرێم پێکەوە بن و لە کەرکوک و بەغدا دوژمن بن.

ھەروەھا، بافڵ تاڵەبانی، کە زۆرینەی لایەنگرانی یەکێتی، ئەم سیاسەتەی حزبەکەیان بۆ ئەو دەگێڕنەوە، لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاندبوو " لەگەڵ ھەموو حزبێک دانوستان دەکەن، بەڵام چیتر ڕازی نابن دوای ھیچ حزبێک بکەون و پێویستە ھاوشانی یەک بن".

زۆرینەی لایەنگرانی یەکێتیش، دەستخۆشی لەم ھەڵوێستانەی یەکێتی دەکەن و پێیانوایە  یەکێتی قۆناغێکی نوێ و جیاواز لە چەند ساڵی ڕابردووی دەستپێکردووە و توانیویانە بە یەکڕیزی ناوخۆیی لە بەرامبەر پارتی و ئەو لایەنانەشی شوێنی کەوتوون بوەستن.

ئەوەی دەمێنێتەوە، ئەوەیە ئایا یەکێتی لەم پرسەشدا دەتوانێت وەک پرسی سەرۆک کۆمار سەرکەوتوو بێت، یاخود نا.

2019-02-19
زیاتر...
123