ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ
دوای تێپەڕینی ١٥ ساڵ بەسەر مورافەعە گەورەکەی جەلال تاڵەبانیدا و بەرزکردنەوە و خستنەڕووی نەخشەی عێراق و تورکیا و دیاریکردنی سنوری کوردستان و سەلماندنەوەی ئەو ڕاستیەی کە کەرکوک بەشێکە لە خاکی کوردستان و ئەو گفتوگۆیانە پێچەوانەی ئەوە دەکرێت ھیچ بنامەیەکیان نیە، ئێستاش یەکێتی نیشتیمانی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانەی کردووەتە مەرج و بەردەوام کار لەسەر ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە دەکات و ھەوڵەکانیشی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ ئەو شارە کراوەتە خاڵێکی ڕێکەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی لە پرۆسەی پێکھێنانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
لە مورافەعە گەورەکەی جەلال تاڵەبانی کە لە ٩ی٢ی ٢٠٠٤ لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی حوکمی عێراق ئەنجامدرا، بە بەرزکردنەوە و خستنەڕووی نەخشەی عێراق و تورکیا جگە لە دیاریکردنی سنوری کوردستان ھاوکات جارێکیتر ئەو ڕاستیەی سەلماند کە کەرکوک بەشێکە لە خاکی کوردستان و ئەو گفتوگۆیانە پێچەوانەی ئەوە دەکرێت ھیچ بنامەیەکیان نیە.
مورافەعە گەورەکەی خوالێشبوو سەرۆک مام جەلال، ئەندامانی ئەوکاتەی ئەنجومەنی حوکمی عێراقی بەو ڕاستیە ئاشنا کرد کە دەمێک بوو بە تێڕوانینێکی دیکە دەیانڕوانیە مێژوو و جوگرافیای کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان.
وەک ئاماژەی بۆ دەکرێت ئەو ڕاستیەی جەلال تاڵەبانی لە مورافەعە گەورەکەی ئەنجومەنی حوکم ئاشکرای کرد و یەکڕیزی ئەوکاتەی کورد لە بەغدا بووە ھەوێنی مافەکانی خەڵکی کوردستان لە دەستوری ھەمیشەیی عێراقدا.
لە سەردەمی سەرۆک مام جەلال و قۆناغی دروستکردنەوەی عێراقی دوای ڕژیمی بەعس، جگە لە داکۆکیکردن لە مافە دەستوری و یاساییەکانی جەڵکی کوردستان لە کەرکوک و ناوچەکانی دیکە لە ھەمانکاتدا داوای مافی سەرجەم پێکھاتەکان کراوە و ھەمیشە خوازیاری پێکەوە ژیانی ئاشتیانە بوون لە نێوان یەکتر.
ئێستاش دوای تێپەڕینی ١٥ ساڵ بەسەر مورافەعە گەورەکەی جەلال تاڵەبانیدا پرسی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان جێگەی گفتوگۆی گەرمی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقە.
بۆ ئەو مەبەستەش یەکێتی نیشتیمانی لە میانەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی پێکھاێنانی ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێم چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانەی کردووەتە مەرج و بەردەوام کاری لەسەر ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە کردووە و ھەوڵەکانیشی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ ئەو شارە کراوەتە خاڵێکی ڕێکەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی لە پرۆسەی پێکھێنانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
سەرچاوە: تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان