لە سەرەتای دەستبەکاربوونی پەرلەمانەوە ھەوڵی ھەڵگرتنی پاشەکەوتی سەر موچە دەدرێت
ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ
دوای پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان چاوەڕوانی لادانی پاشەکەوتی موچەن و پەرلەمانتارێکیش پێیوایە حکومەت پاشەکەوت لادەبات و موچە پاشەکەوتکراوەکانیش دەگێڕێتەوە بۆ ھاوڵاتیان.
لەو بارەیەوە پێشەوا ھەورامی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ئاژانسی نھا-ی ڕاگەیاند " ئەگەر ئەو بڕە پارەیەی دیاریکراوە مانگانە لە کاتی خۆیدا بگاتە ھەرێم ئەوا دەتوانرێت پاشەکەوتی موچە لاببرێت و پێموانیە حکومەتیش حەز بە بڕینی موچەی خەڵک بکات".
وتیشی " لە پەرلەمانیشەوە ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی لەگەڵ ناردنی ئەو پارەیەدا پاشەکەوت لەسەر موچە ھەڵبگیرێت و ئابوری ھەرێم بچیتە قۆناغێکی نوێوە و جوڵە و بوژانەوەی تێبکەوێت".
سەبارەت بە گێڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیش بۆ ھاوڵاتیان، پەرلەمانتارەکەی پارتی ئاماژەی بەوەدا " سەرەتا پێویستە پاشەکەوتی موچە ھەڵبگیرێت و ھاوڵاتیان کەمێک لەو بارە قورسەی سەر شانیان سوک بێت دواتر بیر لە موچە پاشەکەوت کراوەکان بکرێتەوە و پێموایە لە داھاتوودا ھاوڵاتیان ئەو مافەی خۆیان وەردەگرنەوە".
لە دوای پەسەند کردنی بودجەی ٢٠١٩ی عێراق، بڕیارە مانگانە لە بەرامبەر ناردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل لە ڕێگەی سۆمۆوە، بەغدا ٥٢٢ ملیار دینار ڕەوانەی ھەرێم بکات و ھاوڵاتیانی ھەرێمیش باس لەوە دەکەن بە ناردنی ئەو پارەیە حکومەتی ھەرێم ھیچ بیانویەکی نامێنێت بۆ لانەبردنی پاشەکەوت و چاوەڕوانن لەگەڵ ناردنی ئەو پارەیەدا پاشەکەوتی سەر موچەکانیان ھەڵبگیرێت.
|