هەواڵ

نها بەدواداچوون بۆ هۆکاری کوژرانی هاوڵاتییەک لە مەیدانی حاجیاوا دەکات

ئاژانسی نها...

رۆژی ٢٨ی ئابی ٢٠٢٠ لە مەیدانی حاجیاوا سنوری ئیدارەی راپەڕین هاوڵاتییەک بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا و شایەتحاڵێکیش هۆکاری کوژرانەکەی بۆ نها ئاشکرا دەکات.

پێشنیوەڕۆی رۆژی ٢٨ی ئابی ٢٠٢٠ لە مەیدانی ئاژەڵانی حاجیاوا سنوری ئیدارەی راپەڕین هاوڵاتییەک بە ناوی  (ع.ع.ع) له‌ دایكبوی 1964 لەلایەن چەند چەکدارێکەوە بە دەستڕێژی گولە کوژرا، پۆلیسیش دەڵێت تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر رووداوەکە دەستگیرنەکراوە.

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین بە ئاژانسی هەواڵی نهای راگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە کوژرانی ئەم هاوڵاتییە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوەیە، کە کێشەکە کۆنە و تازە سەری هەڵداوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر کوژرانی هاوڵاتی (ع.ع.ع)  دەستگیرنەکراوە، بەڵام لەلایەن کەسوکاری کوژراوەکەوە گومان هەیە و سکاڵا تۆمارکراوە، دەشڵێت، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.

هاوکات (م.ع) کوڕی کوژراوەکە بە ئاژانسی هەواڵی نهای وت، کوژرانی باوکم بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە، ئێمە گومانمان هەیە و بۆ ئەو مەبەستە سکاڵامان تۆمارکردووە.

نها ویستی لە زاری کەسوکاری کوژراوەکەوە هۆکاری کێشەکە روونبکاتەوە، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ قسەیەک لەسەر ئەم بابەتە بکەن.

هاوکات، جه‌بار عه‌لی شایەتحاڵێکی ئاگادر لە رووداوەکە کە رۆژی ٢٨ی ئاب لە شوێنی رووداوەکە بووە بە ئاژانسی هەواڵی نها راگەیاند، لە زاری خەڵکەوە بیستومە کە هۆکاری کوژرانی هاوڵاتی (ع.ع.ع)  دەگەڕێتەوە بۆ کێشەیەک کە ساڵی ٢٠١٢ روویداوە، کە هاوڵاتی (ع.ع.ع)  دەستدرێژی کردووەتە سەر کچێکی خاوەن پێداویستی تایەت، بەهۆیەوە کچەکە سکی پڕ بووە و کێشەی کۆمەڵایەتی لێ دروستبووە.

ئەو شایەتحاڵە راشیگەیاند، دوای ئەوەی پشکنین بۆ هاوڵاتی (ع.ع.ع)  دەکرێت، دەردەکەوێت، کە ناوبراو تاوانبارە و بۆیە بە بڕیاری دادگا شەش ساڵ زیندانی دەکرێت.

وتیشی، وەک خەڵک باسی لێوەدەکەن کەسوکاری ئەو کچە چەندین جار هەڕەشەیان لە هاولاتی (ع.ع.ع)  کردووە و پێیان وتووە، لە زیندانیشدابێت دەتکوژین، بۆیە دوای ماوەیەک ئازادبوونی لە مەیدانی حاجیاوا دەکوژرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان تا دێت رووداوەکانی کوشت روو لە زیادبوون دەکات و بەپێی دوایین ئاماریش لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا تۆمارکراوە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە 69 رووداوی کوشتن و خۆکوشتن روویانداوە، لەو ژمارەیە 20 کەسیان خۆیان کوشتووە، 49 کەسیشیان کوژراون.

2020-10-31
زیاتر...