هەواڵ

نها ورده‌كاریی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڵاوده‌كاته‌وه‌

ئاژانسی نها...

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم به‌ ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی و مه‌سرور بارزانی كۆبوونه‌وه‌ و ئاژانسی نهاش ورده‌كاریی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌.

‏‎لە‌ بڕگە‌ی یە‌كە‌می كۆبوونە‌وە‌كە‌دا، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، راپۆرتێكی لە‌بارە‌ی (پڕۆگرامی خزمە‌ت) خستە‌ڕوو، كە‌ لە‌كابینە‌ی پێشووە‌وە‌ دە‌ست بە‌كارە‌كانی كراوە‌‌، ئاماژە‌ی بە‌وە‌شدا كە‌ ئامانجی ئە‌م پڕۆژە‌یە‌، بریتییە‌ لە‌ باشتركردنی ئاستی ئە‌و خزمە‌تانەی كە‌ دامەزراوە جیاجیاکانی حكومە‌ت، پێشكە‌شی ھاووڵاتیانی دە‌كات بە جۆرێکی ئاسانتر وخێراتر و پێداچوونەوە بەو ڕەسمانەی وەردەگیرێن لەبەرامبەر پێشکەشکردنی ئەو خزمەتانە، بۆ ئە‌وە‌ی گونجاوتر بێت و كە‌مكردنە‌وە‌ی رووتین لە‌ڕێکارەکانی ڕاییکردنی مامەڵە لە دامودە‌زگاكانی حكومە‌ت و گە‌یاندنی زۆرترین زانیاری بە‌ھاووڵاتییان سەبارەت بە خزمەتەکان و پێداویستییەکانی بەجێگەیاندنیان، كە‌ ئە‌مە‌ بە‌شێكە‌ لە‌خزمە‌تی بە‌دیجیتاڵكردنی كاروبارە‌كانی حكومە‌ت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، مە‌بە‌ستمانە‌ لە‌ڕێی ئە‌م بە‌رنامە‌یە‌وە‌ ، بە‌باشترین شێوە‌ خزمە‌تی ھاووڵاتییان بكە‌ین لە‌دامودە‌زگاكانمان تا ئە‌و ئاستە‌ی دە‌‌گاتە‌ خزمە‌تی( یە‌ك پە‌نجە‌رە‌یی )ش.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا، ھە‌موو وە‌زارە‌ت و دامەزراوە‌كان، لە‌ژێر چاودێری سە‌رۆكایە‌تی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، پێداچوونە‌وە‌ بكە‌ن بە‌ یاسا ورێنماییەکانیان بۆ ئاسانترکردن وشەفافتر کردن و باشترکردنی کوالێتی پرۆسە و زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە خزمەتەکان و پێداچوونە‌وە‌ش بە‌رسوماتی ئە‌و خزمە‌تانە بكرێت‌.

جێگری سە‌رۆك وە‌زیران ئاماژە‌ی بە‌وە‌شدا كە‌ پۆڕتاڵێك ھە‌یە‌ بەناوی پۆڕتاڵی خزمەت‌

‌ https://Services.gov.krd  لە‌ڕێی ئە‌م پۆڕتاڵەوە‌‌ ، ھاووڵاتییان دەتوانن زانیاری لە‌سە‌ر ئە‌و خزمە‌ت و ئە‌و مامە‌ڵە‌یە‌یان دە‌ستبكە‌وێت كە‌ مە‌بە‌ستیانە‌. ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران پاڵپشتی و پشتگیریی خۆی بۆ پە‌رە‌پێدان وجێبە‌جێكردنی ئە‌م پڕۆژە‌یە‌ نیشاندا و پێشنیارەکانیش پەسندکران.

لە بڕگەی دووەمدا ، کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ، ڕاپۆرتێکی سەبارەت کێشە و گرفت و ئاستەنگەکانی کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2020 لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی وئابووری و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کاری پێویست ڕاسپارد لەو بارەیەوە.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی و سەرچاوەکانی ئاو ، پێشنیارێکی خستەڕوو بۆ لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هەندێک ماددەی سەرەتایی کە لە دەرەوەی ھەرێمەوە ھاوردە دەکرێن بۆ پڕۆژە کشتوکالییەکان کە لەناوخۆدا بەرهەم نایەت، و ھەروەھا لێخۆشبوونی هاوردەکردنی ئامێری کشتوکاڵیی پێشکەوتوو لە ڕەسمی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیا تایبەتمەندانەی کە ئامادەن ئەو ئامێرانە هاوردە بکەن و بە مەرجی ئاسان و بە شێوازی قیست بۆ جووتیارانی ڕاستەقینە دابین بکرێن.

2020-10-21
زیاتر...