جیهان

عێراقچی: ئێران ناتوانێت بچێتە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ئەگەر هەندێک گۆڕانکاری ڕوونەدات

نها نیوز – هەواڵەکان

لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکە و هۆشدارییەکانی ئەمریکا بۆ ئێران، سەرەڕای بانگەوازی دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی نوێی ئەتۆمی، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە، وڵاتەکەی ناتوانێت بچێتە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا مەگەر هەندێک گۆڕانکاری ڕوونەدات.

ڕۆژی یەکشەممە، 23 ئازار، 2025، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی خەبەر ئۆنلاینی ئێران عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، ڕەتکردنەوەی دانوستان لەگەڵ واشنتۆن لە مێژوو و ئەزموونەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە سەرسەختی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ناتوانرێت ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 بەو شێوەی ئێستای زیندوو بکرێتەوە، بەڵام دەتوانرێت وەک مۆدێلێک بەکاربهێنرێت، دەشڵێت، "دۆخی ئەتۆمی وڵاتەکەی پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە".

ناوبراو پێی وایە گرنگترین ئامانجی هەر دانوستانێک لەگەڵ لایەنی ئەمریکی هەڵوەشاندنەوەی سزاکانە.

وتیشی"ئێران هەمیشە خۆی لە شەڕ بەدوورگرتووە، بەدوایدا ناگەڕێت"، بەڵام لە هەمانکاتدا ئامادەیە و ناترسێت.

هاوکات، عێراقچی پەیامی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە بۆ تاران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی زیاتر بە هەڕەشە وەسف کرد.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی و دوو سەرچاوەی ئاگاداری دیکە ئاشکرایان کردووە کە نامەکەی ترەمپ بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، وادەی دوو مانگی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی لەخۆ گرتووە.

بەڵام خامنەیی هەینی ڕابردوو دووپاتی کردەوە کە هەڕەشەکانی ئەمریکا بێکاریگەر دەبن و هۆشداریشی دا لە هەرچەشنە کردەوەیەک دژی وڵاتەکەی.

شایانی باسە، سەرۆکی ئەمریکا لە 7ـی ئازاردا ئاشکرای کرد کە ئەم پەیامەی ئاراستەی تاران کردووە، جەختی لەوە کردەوە کە حەزی لە دانوستان لەسەر "ئاگربەستی ئەتۆمی" وەک خۆی وەسفی کردووە. بەڵام لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ڕەت نەکردەوە.

لە کاتێکدا واشنتۆن هێشتا چاوەڕێی وەڵامی فەرمی تاران دەکات لە ڕێگەی نێوەندگرانەوە بۆ بانگهێشتەکەی بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی نوێ.

2025-03-23
زیاتر...