بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ئیمامئۆغڵو و 99 کەسی دیکە دەرکرا
نها نیوز – هەواڵەکان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی ئازاری 2025، دادگای سزادانی ئیستانبۆڵ لە ڕاگەیاندراوێکدا بڕیاری زیندایکردنی ئیمامئۆغڵوی دەرکرد، بەڵام تاوەکوو ئیستا ماوەی زیندانیکردنەکەی ئاشکرا نەکراوە.
سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، بەتۆمەتی "بوونە سەرۆکی ڕێکخراوی تاوانکاری، ئەندامبوون لە ڕێکخراوی تیرۆری، بەرتیل وەرگرتن، بەرتیل دان، فریودان، بەدەستهێنانی زانیاری کەسی بە نایاسایی و ساختەکاری لە تەندەرەکاندا" بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ و 99 گومانلێکراوی دیکە دەرکرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای وەرگرتنی ڕاپۆرت و زانیاری ورد لەو شایەتحاڵانەی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دیمەنەکانی "پارە ژماردن" لە جەهەپەدا ئیفادەیان لێ وەرگیراوە، باسیان لەوە کردووە کە "سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ ئیمامئۆغڵو و ژمارەیەکی زۆر کەسی دیکە زۆریان لە بازرگانان کردووە پارە بدەن، هەروەها سووکایەتیان بە ژمارەیەک بازرگان کردووە و بەناڕەوا قازانجیان دەستکەوتووە، لە ڕێگەی کەسانی داردەستیانەوە کڕین و فرۆشتنیان ئەنجامداوە و کەسانی مەدەنییان بەکارهێناوە کە بە 'قاسەی نهێنیی' ناودەبرێن بۆ گواستنەوە و کۆکردنەوەی ئەو پارەیەی دەستیانکەوتووە، بۆیە دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئیمامئۆغڵو سەردەستەی ڕێکخراوێکی تاوانکارییە لەگەڵ چەند کەسێکی سەربەخۆی لە سەرۆکایەتی شارەوانی کردووە، کاتێک بووەتە سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ ئەو کەسانەی هێناوەتە ناو یەکەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵەوە و، ئەو گومانلێکراوانەش بە ئامانجی درێژەدان بە ڕێکخراوە تاوانکارییەکە ژێرخانی خۆیان پێکهێناوە و، لە زۆرێک لە کارەکانی شارەوانیدا لە ڕێگەی تەندەرەوە تاوانی "ساختەکردنی تەندەر"، "فریودان"، " بەدەستهێنانی زانیاری کەسی بە نایاسایی"، "بەرتیلدان" و "بەرتیل وەرگرتن"یان ئەنجامداوە.
|