نها نیوز – هەواڵەکان
سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ، کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بە تۆمەتی گەندەڵی و تیرۆر دەستگیرکرا، لە بەیاننامەیەکدا هەموو ئەو تۆمەتە "نا ئەخلاقی و بێ بنەمایە"ی ڕەتیکردنەوە کە ئاڕاستەی کراون.
ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە،"ئەو تۆمەتە نائەخلاقی و بێ بنەمایانەی ئاراستەم کراوە، لە ڕاپۆرتە هەڵبەستراوەکانەوە تا کاتی لێکۆڵینەوەکان، مەبەست لێی لەکەدارکردنی ناوبانگ و متمانەی منە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوانەی لەپشت ئەم ستراتیژەوەن، دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت لەسەر کارەکانیان لەدادگا، سکاڵا لەسەر ئەو کەس و دامەزراوە پەیوەندیدار تۆمار دەکەم".
ئیمام ئۆغڵو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەم میکانیزمە نەک تەنها زیان بە ناوبانگی نێودەوڵەتی تورکیا دەگەیەنێت، بەڵکو متمانە بە دادپەروەری و ئابووریش لەناو دەبات".
پێوەرە سەرەکییەکانی بۆرسەی ئیستانبوڵ لەم هەفتەیەدا زیاتر لە سەدا 16.5 دابەزیوە، کە لە ساڵی 2008ەوە دابەزینێکی بێ وێنەیە، بەپێی شرۆڤەکاران.
سەرۆکی شارەوانی جەختی لەوە کردەوە کە "هەست بە هێزی ملیۆنان کەس دەکات" کە پشتیوانی لێدەکەن، هەروەها وتی "هەرچییەک ڕووبدات، تا کۆتایی تەمەنم لەڕێگەی یاساییەوە خەبات بۆ دادپەروەری و ڕاستی دەکەم".
دەستگیرکردنی داودئۆغڵو ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لە سەرانسەری تورکیەدا بەدوای خۆیدا هێنا و خۆپیشاندەران لە چەند شارێک کۆبوونەوە و دژایەتی خۆیان دەربڕی.
لیستی شارە گەورەکان بریتی بوون لە: ئیستانبوڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، ئەدەنە، ئەنتالیا، چاناکاڵە، ئەسکیشەهیر، کۆنیا، و ئەدیرنە.