کوردستان

یەکێتی و پارتی پرۆژەیەکی هاوبەش واژۆ دەکەن

نهانیوز-هەواڵەکان

دوای جەژنی رەمەزان، کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کوبینەی 10ی حکومەتی هەرێم دەستپێبدەکەنەو و بڕیارە پڕۆژەیەکی ٩ تەوەری لە نێوانیاندا واژۆ بکەن.
 
 
لوقمان وەردی، ئەندامی سەکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"پڕۆژەی دیدگای هاوبەش لەنێوان یەکێتی و پارتی تەواو بووە و ئاراستەی لیژنەی باڵا کراوە. دوای جەژن، دوای ئەوەی لیژنەکە کۆدەبێتەوە و باسی دابەشکردنی پۆستەکان دەکەن، ئەم پڕۆژەیە واژۆ دەکرێت بۆئەوەی ببێتە بنەمایەک لە چوار ساڵی داهاتوودا بۆ حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان."
 
لوقمان وەردی وتیشی"پڕۆژەی دیدگای هاوبەش هەنگاوێکی گرنگە. گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسیی ناوچەکە لێمان دەخوازێت کە ریزەکانی خۆمان رێکبخەین و بە یەک گوتاری سیاسی هەوڵ بدەین رووبەڕووی ئالنگارییەکانی داهاتوو ببینەوە."
 
ناوبراو جەختی لەوەکردەوە کە لە کۆبوونەوەی دوای جەژن بابەتی پۆستەکان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی راشیگەیاند "رێککەوتنەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە کابینەکانی رابردوودا خاڵی زۆر باشیان تێدا بووە، بەڵام حیکمەت لە جێبەجێکردندایە. دەبێت گەرەنتیی ئەوە بکرێت کە جێبەجێ دەکرێت. زەمانەتی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە پەیوەندیدارە بە عەدالەت لە پۆستە باڵاکان و پۆستەکانی ناو حکومەت."

بەپێی هەواڵێکی میدیای پارتی پڕۆژەی هاوبەشی نێوان پارتی و یەکێتی کە بڕیارە دوای جەژن تاوتوێی بکرێت و واژۆ بکرێت ، 9 تەوەر لەخۆدەگرێت و هەر تەوەرێکی چەند خاڵێکە.

تەوەرەکانی پڕۆژەکەی پارتی و یەکێتی پێکهاتوون لە "سیاسی، دارایی و بودجە، هێزە چەکدارەکان، هاوبەشی و لامەرکەزیەت لە بەڕێوەبردن، پەیوەندییەکان، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، میدیا و ماف و ئازادییە گشتییەکان، پێکهاتەکان، گەنج و ژن."

2025-03-22
زیاتر...