جیهان

دەسەڵاتدارانی تورکیا سەدان خۆپیشاندەریان لەسەر قەیرانی ئیمام ئۆغڵو دەستگیرکردووە

نها نیوز – هەواڵەکان

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئاشکرایکردووە، 343 کەسی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شەوی هەینی لە چەند شارێک دەستگیرکردوە دژی دەستبەسەرکردنی ئەکرێم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ.

ئەمڕۆ شەممە، 22ـی ئازاری، 2025، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، خۆپیشاندان زیاتر لە 12 شاردا سەریهەڵداوە، لەوانە ئیستانبوڵ، گەورەترین شاری تورکیا و ئەنقەرەی پایتەخت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی دەستگیرکردنەکان ڕێگریکردنە لە "تێکدانی نەزمی گشتی"، هۆشداریشیدا لەوەی دەسەڵاتداران بەرگەی "ئاژاوە و ئیستفزازی" ناگرن.

چوارشەممەی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی تورکیا دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵیان بە تۆمەتی سەرکردایەتیکردنی باندێک ڕاگەیاند کە تێوەگلاون لە گەندەڵی و بەرتیلدان.

دەستگیرکردنەکان ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی شارەوانی گەورەی ئیستانبوڵ و شارەوانییەکانی ژێردەستەی لەخۆگرتبوو کە سەرجەمیان سەر بە ئۆپۆزسیۆنی تورکیان.

شایانی باسە ئیمام ئۆغڵو، کەسایەتییەکی دیاری ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و ڕکابەرێکی گەورەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیایە، لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی سەرکەوتنەکانی لە هەڵبژاردنەکان و هەڵوێستەکانی دژی سیاسەتەکانی حکومەت، مشتومڕێکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.

دەیان هەزار تورک لە ناڕەزایەتییەکی زۆر ئاشتیانەدا ڕژاونەتە سەر شەقامەکان لە ڕۆژی چوارشەممەوە، ئیمام ئۆغڵو کە بە ڕکابەری سەرەکی سیاسی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دادەنرێت و لە هەندێک ڕاپرسیدا سەرکردایەتی دەکات.

پارتی کۆماریخوازی گەلی سەرۆکی شارەوانی جەهەپە و پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن ئەو هەنگاوەیان بە پاڵنەرێکی سیاسی زانی و داوایان لە لایەنگرانی کرد بە شێوەیەکی یاسایی خۆپیشاندان بکەن.

2025-03-22
زیاتر...