ترەمپ پاشگەزبوەوە لەهەڕەشەکەی لە تاران و داوایەک دەکات
نها نیوز - هەواڵەکان
نوێنەری دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای دەکات، نامەكەی ترەمپ بۆ تاران مەبەستی هەڕەشەكردن نەبووە لەبارەی دانوستانە ئەتۆمیکە، دەشڵێت "هەوڵدەدەین لەرێی دروستکردنی متمانە لەگەڵ ئێران خۆمان لە ململانێی چەکداری بەدوور بگرین".
ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت "هەوڵدەدات لەرێی دروستکردنی متمانە لەگەڵ ئێران، خۆمان لە ململانێی چەکداری لەگەڵ تاران بەدوور بگرین".
ویتکۆف وتیشی "پەیامی ئەم دواییەی ترەمپ بۆ تاران مەبەستی هەڕەشەکردن نەبووە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا "بەهرەمەندە لە باڵادەستی سەربازی، بۆیە سروشتییە ئێرانییەکان بەدوای چارەسەری دیپلۆماسیدا بگەڕێن.
نوێنەری ترەمپ ئاشکراشیکرد "پەیامەکە بە نزیكی ئەوەیە؛ من سەرۆکی ئاشتیم، ئەمە ئەوەیە کە من دەمەوێت، مەرج نییە لەڕووی سەربازییەوە ئەمە بکەین، دەبێت گفتوگۆ بکەین.
ئەوەشی خستە روو، گفتوگۆکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە کەناڵەکانی پشتەوە، لە رێی چەندین وڵاتەوە بەردەوامە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەسەرەتای ئەم مانگەدا، ترەمپ ئاشكرایكرد، نامەیەکی بۆ رابەری باڵای ئێران ناردووە و داوای لێکردووە دانوستانەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەستپێبکاتەوە، هۆشداریشی داوە لە رێكنەكەوتن و ئەگەری ئەنجامدانی کردەوەی سەربازی.
|