ئابوری

بەربەستێکی گەورە و نوێ بۆ مووچەی مانگی سێ لەبەغداوە ئاشکرا دەکرێت

نها نیوز – هەواڵەکان

لەبارەی دروستبوونی کێشە بۆ ناردنی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە روونکردنەوە دەدرێت.

دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی وت "بڕیاری دادگای فیدراڵیی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی پابەندکردووە بەوەی کە مووچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا بدرێت، بەڵام کۆمەڵێک رێکار هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەی دادگا و یاسای بودجەی عێراقی ئەویش تەوتینکرنی مووچە و رادەستکردنی لە %50ی داهاتی نانەوتی هەرێمە بە حکومەتی عێراق و ناردنی داتا و زانیاری و لیستی فەرمانبەرانی هەرێمە لە وادەی خۆیدا بۆ بەغدا".

ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 48 ملیار و 722 ملیۆن و 239 هەزار دیناری داهاتی نانەوتی مانگی دووی رادەستی حکومەتی عێراق کرد، دارا سێکانیان لەوبارەیەوە رونیکردەوە "لەکاتی ناردنی داهاتی نانەوتی مانگی یەکی هەرێم کە بڕەکەی 51 ملیار و 895 ملیۆن و 457 هەزار و 877 دینار بوو حکومەتی عێراقی لە دواهەمین نوسراویدا لە 17ی شوباتی ئەمساڵدا وەزیری دارایی عێراق زۆر بە روونی باسی لەوەکردووە تێبینی لەسەر داهاتی نانەوتی هەرێم هەیە کە بەکەمی دەزانێت، بۆیە دوور نییە حکومەتی عێراق تێبینی لەسەر داهاتی نانەوتی مانگی دووی هەرێم هەبێت کە بڕەکەی کەمیکردووە بەراورد بە مانگی یەک".

بەوتەی ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق "کەمتەرخەمییەکان لە بابەتی دواکەوتنی ناردنی مووچە دوولایەنەیە، بەڵام پشکی شێر بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە، چونکە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای بودجە وەک خۆی جێبەجێ بکات نە سودانی و نە تەیف سامی ناتوانن دەست بەسەر مووچەی هەرێمی کوردستاندا بگرن".

پەیوەست بەوەی ئایا بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم ئەم مانگە داهاتی نانەوتی کەمی ناردووە بۆ عێراق ناردنی مووچەی مانگی سێ دوادەکەوێت؟ سێکانیانی ئاشکرایکرد "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بیسەلمێنێت کە داهاتی نانەوتی بۆ مانگی دوو کەمیکردووە، بۆیە 48 ملیار دیناری بۆ عێراق ناردوو بۆ مانگی دوو ئەوا هیچ کێشە بۆ ناردنی مووچەی مانگی سێ دروست نابێت".
2025-03-17
زیاتر...