هەواڵ

بەهۆی ڕێکنەکەوتنی هەرێم لەگەڵ بەغدا وەزیری وزەی تورکیا داوای هەناردەکردنی نەوتی بەسرە دەکات

نها نیوز – هەواڵەکان

سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا کۆبووەوە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و هاوکاریی نزیکتر لە پەیوەندییەکانی ئاو و کارەبا و جەخت کردنەوە لە گرنگی هەناردەکردنی نەوتی بەسرە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران پێشوازی لە ئالپئاڕسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا کرد".

بەگوێرەی بەیاننامەکە سودانی دووپاتی کردووەتەوە، "پەرۆشی حکومەت بۆ بەرزکردنەوەی هاریکاری هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکان لە کەرتە جیاجیاکاندا، جگە لە هاریکاری لە کەرتی وزە، سەرچاوەکانی دیکە کە حکومەت کار بۆ هەمەچەشنکردنی دەکات، لەوانەش زیادکردنی پێدانی کارەبا لە ڕێگەی پێکەوەگرێدانی هاوبەشەوە، هەروەها سەبارەت بە پرۆژەی ڕێگاوبانی گەشەپێدانی ستراتیژی. جەختی لە بەهێزکردنی هاوکارییەکانی کەرتی ئاو کردووەتەوە، بۆ دابینکردنی ئاوی بەردەوام بۆ عێراق".

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە "حکومەت هەوڵی بەرچاو دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد "دانوستان بەردەوامە لەگەڵ کۆمپانیا بیانییە نەوتییەکان کە گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم هەیە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی تەکنیکی پەیوەست بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن".

لای خۆیەوە، بایراکتار خواستی وڵاتەکەی بۆ هاوکاری زیاتر لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا دەربڕی، لەوانەش پڕۆژەی پاڵاوگە و پترۆکیمیایی، هەروەها گرنگی هەناردەکردنی نەوتی بەسرە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ئاماژەی بە پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و ئەو دەرفەتە ئومێدبەخشانەی وەبەرهێنان کرد کە لەخۆی دەگرێت.

پێدەچێت تورکیا چاوی لەسەر گرنگی گواستنەوەی نەوتی بەسرە بێت بۆ تورکیا، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاستەنگە بەرچاوانەی لە ئێستادا لە دانوستانەکانی نێوان بەغدا و کۆمپانیا بیانییەکان لە کوردستان بەدی دەکرێت وەزیری نەوتی عێراق پێشتر هەوڵەکانی بۆ جێگیرکردنی نەوتی بەسرە وەک بەشێک لەو نەوتەی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە دەکرێت، هاوشانی نەوتی کوردستان پشتڕاست کردەوە.

2025-03-17
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.