هەواڵ

سوپای پاسداران: هێرشمان بکرێتەسەر وەڵامی گونجاو و یەکلاکەرەوە و کۆتاییمان دەبێت

لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ترەمپ، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران باسی لە ئامادەیی بۆ شەڕ کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هێرش بکرێت "وەڵامی گونجاو و یەکلاکەرەوە و کۆتایی" دەدرێتەوە بە لایەنی بەرامبەر.


ئەمڕۆ یەکشەممە16ی ئازاری 2025  حسێن سەلامی، فەرماندەی سوپایی پاسدارانی ئێران، هۆشداریدا لەوەی وڵاتەکەی بە توندی و یەکلاکەرەوە وەڵامی هەر هەڕەشەیەك دەداتەوە لێبکرێت و وتی" دەستپێشخەری شەڕ ناکەین، بەڵام ئەگەر لەلایەن هەر لایەنێکەوە هەڕەشەمان لێبکرێت، وەڵامی ئێمە یەکلاکەرەوە و چارەنوسساز دەبێت".

وتیشی، ئەمریکا وانەی لە مێژوو وەرنەگرتووە کە شەڕ چارەسەر نییە بۆ کێشەکانی.

قسەكانی سەلامی، دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا دێت لە دژی تاران، دوای دەستپێكردنی هێرشەکانی واشنتۆن لە دژی حوسییەکان لە یەمەن.

ترەمپ هۆشداریدا بە ئێران، لە درێژەدان بە پاڵپشتییەکانی بۆ حوسیەکان و وتی، ئەگەر ئێران هەڕەشە لە ئەمریکا بکات، ئەمریکا بەرپرسیارێتی تەواویان  دەخاتە ئەستۆ و، ئێمەش لەمبارەیەوە میهرەبان نابین.

هەر لەو چوارچێوەیەدا،  عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی  (ئێكس) نوسیویەتی، ئەمریکا مافی سەپاندنی چۆنیەتی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی نییە، ئەوەش دوای ئەوەی ترەمپ داوای لە تاران کرد دەستبەجێ واز لە پشتیوانیکردنی حوسییەکان لە یەمەن بهێنێت.

دوای هەڵبژاردنی، دۆناڵد ترەمپ ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێرانی بەدوور نەگرت، بەڵام لە هەمان کاتدا نامەیەکی بۆ خامنەیی نارد و بانگهێشتی کرد بۆ دانوستان.

خامنەیی ئەو نامەیەی بە "فریودانی بیروڕای گشتی" ناوبردووە، بەڵام تا ئێستا سیاسەتی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بەو نامەیە بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە.

 
2025-03-16
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.