هەواڵ

حوسییەکان: هێرشەکانی ئەمریکا ڕێگریمان لێناکات بۆ ئەوەی کەشتیەکان بکەینە ئامانج

نها نیوز – هەواڵەکان

وتەبێژی حوسییەکان ئاشکرایکردووە، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکی یەمەن ڕێگری ناکات لە بزووتنەوەکە لە بە ئامانجگرتنی کەشتییەکانی ئیسرائیل لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.

عەبدولسەلام وتەبێژی حوسییەکان، لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە گەرووی باب مەندەب چەواشەکارانە و بێ بنەمان.

بە وتەی وتەبێژی بزووتنەوەکە، گەمارۆکە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی یارمەتی مرۆیی دەگەیەنرێتە دانیشتوانی غەززە بە پێی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل.

دوابەدوای ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی ئەمریکا، مەکتەبی سیاسی حوسییەکان دووپاتی کردەوە کە هێرشەکە "بێ وەڵام نابێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێزەکانمان ئامادەن بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی پەرەسەندنەکان ببنەوە".

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور لە لایەنی یەمەنەوە بە سەلامەتی دەمێنێتەوە.

لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا، ئەمریکا دەیان هێرشی ئاسمانی و هێرشی مووشەکی بۆ سەر شوێن و بارەگا سەربازی و سیاسییەکانی حوسییەکان لە شاری دەمار، ئەلبەیدە، سەعدە، حەجا و بەشێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان لە شاری مەریب دەستپێکردووە.

2025-03-16
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.