شەپۆلێکی نوێی باران و تەرزە و بەفر بەڕێوەیە
نهانیوز-هەواڵەکان
بە پێی پێشبینییەکانی کەشناسان شەپۆلێکی نوێی باران و تەرزە و بەفر بەڕێوەیەو ئەو گەرمایەی ئەم ماوەیەش زیاتر شەپۆلەكە بەهێز دەكات.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند" پێشبینی دەکرێت لەمەودای 19 بۆ 24 ی ئەم مانگە هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر کاریگەری نزمە پاڵە پەستۆیەکی بەهێز و چالاکی دەریای ناوەڕاستەوە، کەشەپۆلێکی باران و بەفر بارین و هەورە بروسکە و تەرزەی لێدەکەوێتەوە بۆ تەواوی ناوچە جیاوازەکان".
ڕاشیگەیاند" ئەم نزمە پاڵە پەستۆیه دروست دەبێت لەئەنجامی هاتنی تەوژمە هەوایەکی ساردی جەمسەری باکور بۆ سەر دەریای ناوەڕاست کەدوای هاتنی بۆ سەر دەریا و دواتر دەگاتە ناوچەکانمان بەشێداری زیاتر بەکاریگەری کەمتر تەوژمە هەوایه ساردەکە دێت، چونکە کاتێک بەسەر دەریادا دەگاتە ناوچەکانمان هێزی ساردیەکەی لەدەست دەدات و کەمدەبێتەوە زیاتر شێدار دەبێت".
ڕوونیشی كردەوە، بڕێک شێی گەرمۆکەیی دەریای سور و مەداری ناوچەیی کەمەرەیی تێکەڵ بەشەپۆلەکە دەبێت و بەوهۆیەوە دەبێتە شەپۆلێکی گشتگیر و سەرتاسەری بۆ هەموو ناوچەکان و ڕێژەیەکی دڵخۆشکەر و زۆر باشی باران پێوە دەبێت.
ئەو کەشناسە دەشڵێت" ئەم شەپۆلە ئەگەری بەهێزتر بوونی زیاتری هەیە وەک لەوەی ئێستا بەهۆی ئەو گەرمیەی ئەم ماوەیە و ڕۆژانی داهاتوو، هەروەها کاریگەری تۆپەڵە هەوای شێداری مەداری و دەریای سوریش لەسەری".
|