هەواڵ

کیێڤ تیمی دانوستانکاری بۆ گفتەگۆی ئاشتی دەستنیشان کرد

نها نیوز – هەواڵەکان

بەپێی بڕیارێکی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکرایەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا تیمێکی بۆ نوێنەرایەتیکردنی کیێڤ لە هەر دانوستانێکی ئاشتیی بۆ ئەگەری کۆتاییهێنان بە شەڕی زیاتری سێ ساڵە لەگەڵ ڕووسیا دەستنیشانکردووە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، زێلنسکی سەرۆکی ئەرکانی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی، ئەندری یەرماک، بۆ سەرۆکایەتی شاندەکە هەڵبژاردووە، لەگەڵ ئەندری سیبیگا، وەزیری دەرەوە، ڕوستەم ئومارۆڤ، وەزیری بەرگری و پاڤلۆ بالیسا، جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی سەرۆکایەتی وەک ئەندام.

ئەمەش لە کاتێکدایە زێلنسکی گومانی خستە سەر مەبەستەکانی مۆسکۆ لەبەرامبەر گەشبینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ڤلادیمێر پوتین هاوتا ڕووسییەکەی بۆ پێشنیاری ئاگربەست لە ئۆکرانیا.

پێشتریش زێلێنسکی ڕایگەیاندبوو کە ئێستا ڕووسیا بەدوای بیانووی جۆراوجۆردا دەگەڕێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕەکە نەهێنێت.

دووپاتی کردووەتەوە ئۆکرانیا پێشنیاری ئەمریکای قبوڵکردووە بۆ وەستاندنی شەڕ لە ڕێگەی ئاسمانی و دەریایی و وشکانییەوە.

بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو وڵاتەکەی پابەندە بە گرتنەبەری ڕێبازێکی بنیاتنەر لە کاتی گفتوگۆکاندا.

هاوکات، جەختی لەسەر فشارخستنە سەر مۆسکۆ کردەوە بۆ ئەوەی هەڵوێستێکی بنیاتنەرانە بگرێتەبەر و کۆتایی بە دەستکاریکردنی ئەو وڵاتە بهێنرێت کە ئەمەش تەنها شەڕەکە درێژدەکاتەوە.

شایانی باسە ئەمریکا و ئۆکرانیا لە میانی دانوستانەکانی 11ـی ئادار لە سعودیە لەسەر ئاگربەست بۆ ماوەی 30 ڕۆژ ڕێککەوتن، ئەمەش بە چاوەڕوانی وەڵامی ڕووسیا.

2025-03-15
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.