وەزیری بەرگری توركیا جەخت لەوەدەکاتەوە کە دەبێت پەکەکە و سەرجەم درێژکراوەکانی، کە بە ناوی جیاوازەوە کاردەکەن، بەبێ گوێدانە ئەوەی لە کوێ بن، پێویستە دەستبەجێ بڕیاری کۆتاییهێنان و تەسلیم کردنی چەکەکانیان بێ مەرج بدهن و ئاگربهست قبوڵ نییە.
یهشار گولەر، وەزیری بەرگری توركیا ڕایگەیاند" شەڕی دژی تیرۆر ساڵانێکی زۆرە هەمیشە لە لوتکەی کارنامەی وڵاتدا بووە، هەروەها هێزە چەکدارەکانی تورکیا بە ئیرادەیەکی زۆرەوە لە دژی هەموو جۆرە هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکڕیزی و یەکپارچەیی وڵات خەباتیان کردووە".
وەزیری بەرگری توركیا، كە ئێستا پڕۆسەی ئاشتی لە ئارادایە، بەڵام پەكەكە بە “ڕێكخراوی تیرۆر” وەسف دەكات و دەڵێت: “ئەو ڕێکخراوە کە دان بەوەدا دەنێت کە درێژەترین و گشتگیرترین بزوتنەوەی یاخیبون و توندوتیژییە لە مێژوی کۆماردا، ئەگەرچی درەنگ درکی بەوە کردوە کە ناتوانێت بە تیرۆر بگاتە هیچ شوێنێک، کە ژیانی خۆی تەواو کردوە و هیچ ڕێگەیەکی دیکەی نییە جگە لە هەڵوەشاندنەوەی خۆی".
وتیشی" ڕێکخراوی پەكەكە و هەمو درێژکراوەکانی کە لە جوگرافیای جیاواز و لە ژێر ناوی جیاوازدا کاردەکەن، بەبێ گوێدانە ئەوەی لە کوێ بن، دەبێت بە زوترین کات بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بدەن و دەستبەجێ و بێ مەرج چەکەکانیان تەسلیم بکەن ".
جەختیشی كردەوە" نابێت ئەو پرسانەی لە دەقەکەدا جێگیر نەکراون، وەک ئاگربەست، بخرێنە بەرنامەی کارەوە، چونکە هەرگیز شتێکی وامومکین نییە، ئامانجی کۆتاییمان کۆتاییهێنانە بە تیرۆر کە خواستی هاوبەشی 85 ملیۆن هاوڵاتیمانە".
شاندی دەم پارتیی ئیمرالی، رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانی سازکرد و بانگەوازەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە. ئۆجەلان لە بانگەوازەکەدا بۆ پەکەکە وتی" کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە".
دوو رۆژ دواتر، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرەبەیانی 1ی ئاداری 2025 رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت ئۆجەلان خۆی سەرپەرشتی بەستنی کۆنگرە بکات.