هەواڵ

سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی رێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و عێراق ده‌كات

ئاژانسی نها..

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ باڵیۆزی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق و كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر كۆبوه‌وه‌.

ڕِێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ماتیۆ توله‌ر باڵیۆزی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق و ڕۆب واله‌ر كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێرو شاندی یاوه‌ریان كرد.

له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق، د.ڕێواز فایه‌ق رایگه‌یاند، ئێمه‌ پێمانوایه‌ هیچ بژارده‌یه‌ك له‌ڕیككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕالی باشتر نییه‌، عێراق قووڵایی ستراتیژیی هه‌رێمی كوردستانه‌و، په‌رله‌مانی كوردستان پشتیوانی له‌گفتوگۆو ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌كات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێویسته‌ چاكسازی له‌خه‌رجییه‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی داهات وه‌كو یه‌ك بێت، په‌رله‌مانی كوردستان ڕاپۆرتی باشی سه‌باره‌ت به‌ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان بۆ نایه‌ت، بۆیه‌ لێژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان به‌دواداچوون بۆ دۆخی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان ده‌كات و ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی ڕاپۆرتی ئه‌وانین، پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت به‌كردار ناوه‌ڕۆك و بڕگه‌كانی یاسای چاكسازی جێبه‌جێ بكات.

سه‌باره‌ت به‌ڕووداو و خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی شاره‌كانی هه‌رێمى كوردستان، سه‌رۆكی په‌رله‌مان وتی،ئێمه‌ سكاڵایه‌كی زۆرمان بۆ هاتووه‌ له‌سه‌ر گرتنی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی كه‌هه‌وڵی خۆپیشاندانیان داوه‌، ئه‌وه‌ مایه‌ی نیگه‌رانیمانه‌، بۆیه‌ لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانمان ڕاسپاردووه‌ بۆ به‌دواداچوون له‌دۆخی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌زیندانیكراون و چاوه‌ڕوانی ڕاپۆرتی ئه‌وان ده‌كه‌ین.

ماتیۆ توله‌ر باڵیۆزی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق، ستایشی ڕۆڵی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانى كرد كه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌م ته‌حه‌دییاتانه‌دا وه‌ك ژنێكی سه‌ركه‌وتوو سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌كات، هیوای به‌رده‌وامی و سه‌ركه‌وتنی زیاتری بۆ به‌ڕێزیان خواست.

2020-09-15
زیاتر...