خامنەیی فەرمانی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بۆسەر ئیسرائیل لەخاکی عێراق راگەیاند
نها نیوز - هەواڵەکان
میدیاكانی ئەمریكا ئاشکرایانکردووە كە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران فەرمانی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بۆسەر ئیسرائیل داوەو هێرشەكەش لەخاكی عێراقەوە ئەنجام دەدات.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لەزاری سێ سەرچاوەی ئێرانییەوە رایگەیاندوە، كە ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، فەرمانی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بۆسەر ئیسرائیل داوە.
سەرچاوەکانی رۆژنامەکە ئەوەشیان ئاشکراکردووە "عەلی خامنەیی رۆژی دووشەممە، فەرمانی بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران داوە كە ئامادە بن بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل".
ئاماژەی بەوەشداوە "خامنەیی لەدوای تاوتوێكردنی راپۆرتی وردی فەرماندە باڵاكانی سوپای ئێران لەبارەی قەبارەی زیانەكانی هێرشەكەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەو فەرمانەی داوە".
ئەو سەرچاوانە وتوشیانە "خامنەیی وتویەتی؛ قەبارەی هێرشەكەی ئیسرائیل و ئەو زیانانەی لێی كەوتونەتەوە ئەوەندە زۆر زۆر بون كە ناكرێت لەبەرچاو نەگرێن و وەڵام نەدانەوەی هێرشەكە بە واتای قبوڵكردنی شكستە".
هاوکات بەپێی وتەی سەرچاوە ئێرانییەكان كە بۆ رۆژنامەكە دواون، دەڵێن "فەرماندە سەربازییەكانی ئێران خەریكی ئامادەكردنی لیستی دەیان پێگەی سەربازیی ئیسرائیل بۆ ئەوەی بكرێنە ئامانج و بە ئەگەرێكی زۆریشەوە هێرشەكەی ئێران دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا كە بڕیارە رۆژی 5ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، چونكە ئێران نیگەرانی ئەوەیە ئاڵۆزی نوێ لە ناوچەكە لە بەرژەوەندی دۆناڵد ترەمپ بكەوێتەوە".
لەلایەکی دیکەشەوە پێگەی ئاكسیۆسی ئەمریكی لەزاری دوو سەرچاوەی ئیسرائیلییەوە باسی لەوەکردووە، کە بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكانی ئێسرائیل، ئێران خەریكی خۆ ئامادەكردنە بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل و هێرشەكەش لە خاكی عێراقەوەو لە چەند رۆژی داهاتودا ئەنجام دەدات.
هەر بەگوێرەی ئاکسیۆسی ئەمریکی، چاوەڕوان دەكرێت هێرشەكەی ئێران لە خاكی عێراقەوەو بە بەكارهێنانی ژمارەیەكی زۆر درۆن و مۆشەكی بالیستی ئەنجام بدرێت و پێشبینیشی كردوە هێرشەكە بكەوێتە بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا.
|