بنەماڵەی شەهید هیوا باڕۆیی: قسەکانی مەلا بەختیار دوورن لە راستییەوە
نها نیوز – هەواڵەکان
بنەماڵەی شەهید هیوا باڕۆیی لەسەر قسەکانی مەلا بەختیار بەتوندی دێنەدەنگ و لە روونکردنەوەیەکدا هەموو وتەکانی ناوبراو رەتدەکەنەوە.
بێرون کوڕی شەهید هیوا باڕۆیی لە رونکردنەوەیەکدا وەڵامی مەلا بەختیار دەدەنەوە و نوسیویانە "دوێنێ 6/9/2024 پارچە ڤیدیۆیەکی کاک مەلا بەختیار بڵاو کرایەوە کە تێیدا باس لە دوو رووداو دەکات، یەکەم کە لە ساڵی 1977 سەردانی ماڵی ئێمەی کردووە لە گوندی باڕۆیی شەهیدان، دووەمیان پێش دوو مانگ لەمەوبەر کە دیارە مەبەستی لە ساڵی 2024ە. گوایە کە دایکم سەردانی کردووە کە چۆن جەنابیان وە هێزی پێشمەرگە لەماڵی ئێمە لە گوندی باڕۆیی خزمەت کراون، باسی ئەوەی بۆ کردووە کە ئێمە پێنج مانگ کرێ خانوو قەرزارین".
بنەماڵەی شەهید هیوا باڕۆیی نوسیویشیانە "بەڵێ، ئێمە هەم بە گیان وە هەم بە ماڵ خزمەتێکی زۆری هێزی پێشمەرگەی کوردستان وە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانمان کردووە هەر لە دروستبوونی مەفرەزە سەرەتاییەکانەوە، وە کۆمەڵێکی زۆر لە پێشمەرگە دێرینەکان و خەڵکی ناوچەی بازیان گەواهی ئەو راستییەمان بۆ ئەدەن، بەڵام ئێمە هەرگیز کرێچی نەبووین وە سوپاس بۆ خودا هەموو کات خانووی خۆمان هەبووە. وە ئەو بەشەی لێدوانەکەی کاک مەلا بەختیار هیچ بنەمایەکی نییە".
لە رونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە "ئێمە حەوت منداڵ بە درێژایی ئەنفالکردنی هیوا باڕۆیی باوکم، ئێمە بە عیزەتی نەفسی گەورەیی دایکم (روناک عەول) پەروەردە کراوین وە لە ئێستادا ئەم بابەتە وەک ئامڕازێک لە ململانێکاندا بەکارهێنراوە بۆ جوڵاندنی سۆزی خەڵک".
باسیان لەوەشکردووە "ئێمە ڕێزمان هەیە بۆ خەبات و ماندووبوونی کاک مەلا بەختیار کە یەکێک بووە لە هاوڕێ بەوەفاکانی باوکم کە چەند جارێک هەواڵپرسی وە سەردانی کردووین بۆ ماڵەوە. وە داواکارین لە جەنابیان کە یان روونکردنەوەی زیاتر بدات یاخود بابەتەکە راست بکاتەوە بۆ رایی گشتی".
|