نها نیوز – هەواڵەکان
بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، بە سەرکردایەتیی پارتی، هەوڵی نانەوەی ئاژاوە و دروستکردنی پشێوی لە شاری کەرکوک دەدرێت. هاوکات بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت، ئەوەی ڕوویدا لە کەرکوک بەبێ کێشە تێناپەڕێت.
شێرزاد سەمەد، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "بە سەرکردایەتیی پارتی هەوڵی نانەوەی ئاژاوە لە کەرکوک دەدرێت، پارتی بووە بە زمانحاڵی ئەو عەرەب و تورکمانانەی چەندین ساڵە دژایەتیی کورد دەکەن".
دەشڵێت "لە خاڵی سفرەوە چەند پۆینتێک سەرکەوتووین، ڕێژەی سەرکەوتنی کورد گرێدراوە بە دەستوەردانی ئیقلیمی و پیلانگێڕی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ هەیە بۆ لێکتێگەیشتن لە نێوان کوتلە و پێکهاتەکان".
هاوکات، کامەران کەرکوکی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەوەی ڕوویدا بێ کێشە تێپەڕ ناکات، چونکە تورکیا ڕۆڵی لە کەرکوک هەیە و دەستەوەستان نابێت. 150 پۆست لە کەرکوک هەیە و نابێت بە هەڕەمەکی و سیاسەتی ئەمری واقیع دابەش بکرێن".
دەشڵێت "دەبێت جارێکی تر ڕێککەوتن بکرێت، بەڵام یەکێتی دەیەوێت بە تەنازول و پێدانی پۆست تورکمان بێدەنگ بکات".
شەوی 10ـی مانگی هەشتی 2024، فراکسیۆنی یەکێتی و کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی سونە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە بێ پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە هۆتێل رەشیدی شاری بەغدا کۆبوونەوە و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوکیان ڕاگەیاند.
لە کۆی 16 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، نۆ ئەندامی ئەنجومەنەکە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی هۆتێل ڕەشیدی شاری بەغدا کرد و نیسابی یاساییان تەواو کرد. ڕێبوار تەها لە فراکسیۆنی یەکێتی بە پارێزگار و ئیبراهیم تەمیمی بە جێگری پارێزگار، هەروەها محەمەد ئیبراهیم حافز بە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردران.