بەرەی تورکمانی هەڵوێستی توند رادەگەیەنن و لەسەر پۆستی کەرکوک سکاڵا دەکەن و دەڵێن سودانی ئاگاداری دانیشتنەکە نەبووە
نها نیوز – هەواڵەکان
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق رایدەگەیەنێت، سکاڵا لەسەر پێشێلکارییە یاساییەکانی ئەو دانیشتنەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک تۆمار دەکەن کە شەوی رابردوو لە بەغدا بەڕێوەچوو. دەشڵێت "پێموایە سەرۆک وەزیرانیش لە دانیشتنەکەی شەوی رابردوو ئاگادار نەبوو".
حەسەن توران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، ھەڵوێستی بەرەکەی لەبارەی دانیشتنەکەی شەوی رابردووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە بەغدا نیشاندا و رایگەیاند "ئەوەی شەوی رابردوو لە ھۆتێل رەشید لە بەغدا کراوە، پێشێلکردنی یاسایە، تێبینییەکەمان لە سەر پێکھێنانی ئیدارەی خۆجێیی کەرکوکە لە دەرەوەی پێکھاتەی ھاوپەیمانیی پارێزگای کەرکوک کە سەرۆک وەزیران سودانی پێکیھێناوە، ئێمەش ھەر لە سەرەتاوە پشتیوان بووین لە سەرخستنی پڕۆژەی حکومەتەکەی سەرۆک وەزیران، بەڵام ئەو ئیدارەیەی پێکھێنراوە، ئێمە بە پێشێلکردنێکی سیاسیی دەزانین".
سەبارەت بە ئامادەنەبوونیشیان لە کۆبونەوەکەی شەوی رابردووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک توران راشیگەیاند "ھیچ نوێنەرێکی ئێمە ئامادەی دانیشتنەکە نەبووە و ھیچ تورکمانێکمان بۆ ئەو دانیشتنەکە رانەسپێردراوە".
ھەروەھا سەرۆکی بەرەی تورکمانی رەخنەی لە بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکان گرت لەوەی کەرکوکیان کردووەتە کارتێکی سازشکردن بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کە ھیچ پەیوەندییەکی بە خزمەتکردنی کەرکووکەوە نییە و وتی "ھەندێک لە لایەنەکان باسی ھاوسەنگیی ھەڵبژاردن دەکەن، بەڵام ئێمە لە بەرەی تورکمانیی عێراقی یەکگرتوو، بەبێ وردبینییکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، دان بە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و ھاوسەنگیی ھەڵبژاردن نانێین، ھەروەک چۆن لە دادگای فێدڕاڵیش سکاڵامان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی وردبینی لە تۆماری دەنگدەران بکرێتەوە بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو".
ناوبراو لەسەر دانیشتنەکەی شەوی رابردوو ئەوەشی خستە روو "دانیشتنەکە پێچەوانەی بڕگەی 13ی ماددەی چوارەم لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە کە تیایدا ئەوە ھاتووە؛ دەبێت دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بێت بۆ مسۆگەرکردنی بەشداریی پێکھاتەکانی پارێزگا بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن.
حەسەن توران لەبارەی ھەڵوێستی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکراشی دەکات "پێموایە سەرۆک وەزیرانیش لە دانیشتنەکەی شەوی رابردوو ئاگادار نەبوو، برایانی عەرەبیش پێش چەند کاتژمێرێک لە دانیشتنەکە، رایانگەیاند کە بایکۆتی دانیشتنەکە دەکەن".
شەوی رابردوو، بەبێ بەشداری پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و ئەندامانی ھاوپەیمانی عەرەبی، دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە ھوتێلی رەشید لە بەغدا بەڕێوەچوو کەلە میانیدا پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکە ھەڵبژێردران.
|