بەرپرسێکی باڵای هەرێم راست و دروستی دواکەوتنی مووچە مانگی حەوت ئاشکرا دەکات
نها نیوز - هەواڵەکان
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم ئاشکرای دەکات، دواکەوتنی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆران لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و سەربازییەکانە.
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای وت "هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و نەناردنی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، لیستی مووچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانە.
ئەو بەرپرسە وتیشی "لیستی مووچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان مانگانە درەنگ ئامادە دەکرێت، ئەمە جگە لەوەی گۆڕانکاری لە لیستەکاندا دەکرێت و ژمارەی هێزەکان زیاد و کەم دەکرێت".
بەوتەی بەرپرسە باڵاکەی حکومەتی کاربەڕێکەر، جارێک مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا داوایکرد، هەموو مانگێک تا 10ی مانگ لیستی مووچە ئامادە بکرێت و رەوانەی بەغدا بکرێت، چاوەڕێی هیچ فەرمانگەیەک نەکرێت گەر لیستەکەی ئامادە نەبوو، کەچی لیستەکان هەر درەنگ ئامادە دەکرێن.
هاوکات عێراق چەند مانگێک لەمەوبەر داوای ناو و تەواوی زانیارییەکانی تایبەت بە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کرد، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم ئەوکات لەبەر "ئاسایشی نەتەوەیی" ئامادە نەبوو ناوەکان رادەستی حکومەتی عێراق بکات و رایگەیاند؛ تەنها کۆدی ناسنامەی بایۆمەتری دەنێرێت.
لەلایەکی دیکەشەوە حکومەتی عێراق دەڵێت "مەرجەکانی بۆ حکومەتی هەرێم بەشێکن لە بڕیاری دادگای فیدراڵی لە ڕۆژی 21ی شوباتی 2024، کە تێیدا بڕیاریدا بە جێگیرکردن یان "تەوتینکردنی" مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر هۆکاری نەناردنی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ کێشەی کەمی پارەی نەختینە گێڕدرایەوە، بەڵام بەرپرسانی عێراق رەتیانکردەوە کێشەی کەمی پارەی نەختینەیان هەبێت.
|