کوردستان

ئەمشەو پۆستەکانی پارێزگای کەرکوک یەکلاییدەکرێنەوە

نها نیوز – هەواڵەکان

ئەمشەو ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک لە بەغدا کۆدەبێتەوە و لەکۆبوونەوەکەدا پۆستەکانى پارێزگاکە یەکلایی دەکرێنەوە.

میدیای یەکێتی بڵاویکردووەتەوە، بانگهێشتنامە بۆ سەرجەم ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک نێردراوە بۆ ئەوەى لە بەغدا کۆببنەو.

هەر بەگوێرەى زانیارییەکانی ئەو میدیایە، بڕیارە پۆستى پارێزگار و بەشێک لە پۆستەکان یەکلاییبکرێتەوە و هەر پێکهاتەیەک بەشدارى کۆبونەوەکە نەکات بەگوێرەى بەرکەوتەى هەڵبژاردن پۆستەکانى بەبەتاڵى بۆ جێدەهێڵرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، یاساى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان، دیاریکردووە، کە پێویستە لەماوەى یەک مانگ لەدواى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجومەن پۆستەکان یەکلاییبکرێتەوە و سبەینێ ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکى تێدا ئەنجامدرا.

جێی ئاماژەشە، بەگوێرەى دوایین ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە (یەکێتی) پێنج کورسی، هاوپەیمانی عەرەبی سێ کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان دوو کورسی، هاوپەیمانی قیادە دوو کورسی، بەرەی تورکمانی  دوو کورسی، هاوپەیمانی عروبە 1 کورسی و کۆتای کریستیان 1 کورسییان بەدەستهێناوە و هیچ پێکهاتەیەک بە تەنها زۆرینەی کورسییەکانى بەدەستنەهێناوە.
 
2024-08-10
زیاتر...