دارایی عێراق زەنگی مەترسی لەبارەی لیستە نوێکەی مووچەی هەرێم بۆ بەغدا لێدەدات
نها نیوز - هەواڵەکان
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق باس لە هۆکارەکانی دواکەوتنی ناردنی مووچە دەکات لە بەغداوە و دەڵێت "لیستە نوێکەی مووچەی هەرێم کێشەی گەورەی بۆ وەزارەیی دارایی عێراق دروستکردووە".
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند "بەهۆی ئەو گرێبەست و ناوە نوێیانەی کە خراونەتە نێو لیستی ئەم مانگەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە، وای کردووە کە داهاتی داواکراوی مانگانەی هەرێم کە بەغدا دابینی دەکات بۆ مووچە، زیاتر لە مانگەکانی رابردوو ئەمەش وایکردووە ناردنی مووچە لەم مانگەدا بۆ هەرێم دوابکەوێت".
سەرچاوەکە ئاشکراشیکرد "هەتا وەزارەتی دارایی عێراق دڵنیانەبێتەوە لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم و لە ناوە نوێیانەی کە ئاراستەیان کردوون لە لیستەکەدا، ئامادە نییە مووچە بۆ هەرێم بنێرێت.
بە جۆرێک داهاتی مانگانەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کەمتر لە 950 ملیار دینار بووە، بەڵام ئێستا داهاتەکە بۆ سەرو ترلیۆنێک دینار زیادی کردووە بەپێی ئەو لیستە نوێیەی کە حکومەتی هەرێم ئەم مانگە ئاراستەی بەغدای کردووە.
|