نها نیوز – هەواڵەکان
بەگوێرەی پڕۆژە یاسای شەهیدان و زیندانی سیاسی، مووچەى کەسوکارى شەهیدانى هەرێم دەخرێتەسەر عێراق، بەجۆرێک مووچەى کەسوکارى شەهیدى سەنگەر لە 500 هەزارەوە دەبێت بە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار، لەوبارەیەوە پەرلەمانتارکی یەکێتی لە بەغدا دەڵێت "مووچەى کەسوکارى شەهیدانى شەڕى داعش بەیاسا دەخرێتەسەر عێراق.
ئەمڕۆ پرۆژە یاساى شەهیدان و زیندانى سیاسی لە پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆکرا، بۆ ئەو مەبەستەش سروە حەمە ڕەشید، ئەندامى یەکێتی لە پەرلەمانى عێراق بە میدیاى حزبەکەی دەڵێت "پرۆژەى هەموارى یاساکە لە 17 ماددە پێکهاتووە، ماددەیەکیان باس لەوە دەکات شەهیدانى شەڕى دژ بەداعش لە هەرێم مووچەکانیان بخرێتەسەر بەغدا.
ناوبراو ئاشکراشی دەکات "کاتێک مووچەى کەسوکارى شەهیدان دەخرێتەسەر عێراق، ئەوکاتە هەموو ئەو مافانەى لە عێراق بۆ کەسوکارى شەهیدان دیاریکراوە، ئەمانیش دەگرێتەوە.
لای خۆشییەوە شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە میدیاى حزبەکەی رادەگەیەنێت "هەموارکردنەوەی یاساکە یەکێک بووە لە مەرجەکانی کورد بۆ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە پێکهێنانی حکوومەتی ئەمجارەی عێراق.
بەوتەی شوان کەلاری "بە هەموارکردنەوەی یاساکە، مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون لەناویدا هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەش دەگرێتەوە، بەو مەرجەی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بن، مووچەیان لەگەڵ شەهیدانی عێراق هاوتا دەکرێت و قەرەبووش دەکرێنەوە.
ئەندامەکەی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات "هەوڵمانداوە تەنیا کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان نەگرێتەوە، بەڵکو ئەوانەی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بەپێی هەمواری یاساکە مووچەی کەسوکاری شەهیدانی سەنگەر لە 500 هەزار دینارەوە دەبێتە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار.