نها نیوز – هەواڵەکان
ئەندامێكی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق شێوازی زیادکردنی مووچەی خانەنشینی هاوتا بە عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت ''بەپێی ماددەی 21 بڕگەی چوارەم، كەمترین مووچەی خانەنشینان 500 هەزار دینارە".
د. بڕیار رەشید، ئەندامی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە روونكردنەوەیەكدا سەبارەت بە شێوازی زیادکردنی مووچەی خانەنشینانی هاوتا هەرێم بە عێراق رایدەگەیەنێت ''بەپێی ماددەی 10 بڕگەی یەكەم و دووەم لە حاڵەتی ئاساییدا ئەگەر فەرمانبەرێك 60 ساڵی تەمەن و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت خانەنشین دەكرێت.
د. بڕیار رەشید ئاماژەی بەوەشکرد "بەپێی ماددەی 21 بڕگەی یەكەم، ئەگەر فەرمانبەرێك ویستی زووتر خانەنشین ببێت پێویستە 15 ساڵ خزمەتی هەبێت و تەمەنی 45 ساڵی تەواوكردبێت، هاوكات ئەگەر كەسێك ویستی درەنگتر خانەنشین بێت بەپێی ماددەی 11 دەتوانێت سێ ساڵی دیكە بەردەوامبێت لە خزمەتكردن دوای رەزامەندیی سەرۆك وەزیرانی عێراق.
بەوتەی ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق "بەپێی بڕیاری هەمواركراوی ساڵی 2019 كەمترین مووچەی خانەنشینی 500 هەزار دینارە، هاوكات بەپێی ماددەی 36 لەكاتی زیادبوونی قەبارەی هەڵاوسان ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێت مووچەی خانەنشینان زیاد بكات.
ناوبراو زیاتر ئاشکرا دەکات و دەڵێت ''ئەو فەرمانبەرەی 25 ساڵ خزمەتی هەیە 12 مووچەی تەواو وەردەگرێت، بەڵام ئەو فەرمانبەرەی لە 15 ساڵ كەمتر خزمەتی هەبێت، ئەو پارەیەی وەریدەگرێت بریتییە لە كۆتا مووچەی بەبێ دەرماڵە لێكدانی 2 لەگەڵ لێكدانی ساڵانی خزمەت.
لەبارەی ئەو فەرمانبەرانەی تەمەنیان 60 ساڵە و ساڵی خزمەتكردنیان لە 15 ساڵ كەمترە د. بڕیار رەشید رونیکردەوە ''ئەو فەرمانبەرانەی 14 ساڵ خزمەتیان هەیە مووچەكانیان 350 هەزارە و بۆ هەر ساڵێك كەمتر 50 هەزار دیناری لێ دەبڕدرێت.
پەیوەست بە زانینی تێكڕای مووچەی هەر فەرمانبەرێك لەكاتی خانەنشین بوونیدا ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئەوەشی خستە روو ''بۆ زانینی مووچەی خانەنشینی پێویستە هەر فەرمانبەرێك تێكڕای مووچەكەی لێكدانی ساڵانی خزمەت، لێكدانی 2.5، دابەشی 100 بكات بۆ ئەوەی بزانێت مووچەكەی دەبێت بە چەند، هاوكات بێجگە لەوەش دەرماڵەی بژێویی و بڕوانامەش دەچێتە سەر تێكڕای مووچەكەی.