نها نیوز – هەواڵەکان
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسی لقی پارتی لە کەلار راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "کارەکە لەلایەن پەکەکەوە ئەنجامدراوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "ماوەیەکە گرووپی تێکدەری پەکەکە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو هەوڵی تیرۆرکردنی هاووڵاتییانی هەرێم و کادیر و ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەدەن، بە کارە شەڕەنگێزییەکانیان زیان بە سەروماڵی هاووڵاتییانی هەرێم دەگەیەنن.
ئاماژەی بەوەشکردووە "لە دوایین کردەوەی شەڕەنگێزییان لە ڕۆژی 15ی تەممووزی 2024 بەهۆی بۆمبی لکێندراوەوە ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی باڵای حیزبییان لە شاری کەلار کردە ئامانج.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "ئەو گرووپە تێکدەرە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا چەندین هاوڵاتی و ئەندامانی هێزەکانی بەرگریی لە کوردستانیان بە ئامانج گرتووە کە بەشێکیان شەهید بوون و لە بەشێک لە کارە تێکدەرانەکانیان سەرکەوتوو نەبوون و پووچەڵکراونەتەوە.
دەشڵێت "ئەو گرووپە بەوەش نەوەستاون، بەڵکوو بە سووتاندنی شوێنە گشتییەکان، بازاڕ و مۆڵەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تر، ڕقی خۆیان هەڵڕشتووە و بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە کاسبکاران و هاونیشتمانییانی خۆشەویستی هەرێمی کودستان.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکردووە "ئەم گرووپە بوونەتە ئامرازێک بۆ بازرگانیکردن و بڵاوکردنەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کاری نایاسایی لە ناوچەکە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
راشیگەیاندووە "ئەم سەرەڕۆییەی گرووپی تێکدەری پەکەکە، داهاتووی ناوچەکە دەخاتە بەر مەترسیی هەرێمی و نێودەوڵەتی و کاردانەوەی نەرێنی و نەخوازراو بەدوای خۆیدا دێنێت، بەردەوامیدان بەو کردەوانە بێوەڵام نابێت و سەرکردایەتیی گرووپەکە بەرپرسن لە هەر لێکەوتە و کاردانەوەیەک.
ئەمەش پاش ئەوە دێت، بەیانیی رۆژی دووشەممە 15ـی 7ـی 2024، ئۆتۆمبێلی ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەلار لەبەردەم ماڵەکەی تەقییەوە و لە دوای رووداوەکە، ناوبراو رایگەیاند، كاتێك هەوڵیداوە بەرەو دەوام بڕوات ئۆتۆمبێلەكەی تەقیوەتەوە، بەڵام پێش ئەوەی ئاگرەكە بگاتە ئەو لەگەڵ شۆفێرەكە و پاسەوانەكەشی رزگاریان بووە.