کوردستان

فوئاد حسێن: ھیچ ھێرشێک بۆ سەر خاکی عێراق لەلایەن تورکیاوە ئەنجامنەدراوە

نها نیوز - هەواڵەکان

سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان وەزیری دەرەوەی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە لوتکەی ناتۆدا دەڵێت "تورکیا ھیچ ھێرشێکی بۆسەر خاکی عێراق ئەنجامنەداوە".

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن وتی "لەمیانی بەشداریکردنمان لە لوتکەی ناتۆ، لەگەڵ لایەنی تورکیا کۆبوونەتەوە و گفتوگۆمان لەسەر چەند تەوەرێک کردووە، دیارترینیشیان دۆخی ئەمنی ناوچەکە و تیرۆر بووە، بۆ درێژەدان بەو گفتوگۆیانەش بڕیارە 18ی ئابی مانگی داھاتوو، وەفدێکی باڵای ئەمنی عێراق سەردانی تورکیا بکات و لەگەڵ وەفدێکی باڵای ئەمنی و سیاسی ئەو وڵاتە، کۆدەبێتەوە.

فوئاد حسێن لەبارەی بوونی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان و هێڕشەکانیان بۆسەر ناوچەکان ئەوەش ئاشکرا دەکات "تورکیا ھیچ ھێرشێکی بۆ سەر خاکی عێراق ئەنجامنەداوە و جموجۆڵەکانی سوپای ئەو وڵاتە، لە ھەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپە چەکدارەکانی ئەو ناوچەیەیە.

جێی ئاماژەیە، بڕیارە رۆژی 22ی ئەم مانگە، وەفدێکی باڵای ئەمنی عێراق بە سەرۆکایەتی وەزیری بەرگری سەردانی نەتەوەیەکگرتووەکان بکات و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری نەتەوەیەکگرتووەکان زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە ئەنجامبدات، تایبەت بە دۆسییەی ئەمنی ناوچەکە و ھێزەکانی ھاوپەیمانان.
2024-07-13
زیاتر...