ئابوری

گەیشت.. مەسرور بارزانی و سودانی گفتوگۆیان کرد و سودانیش لەبارەی موچەوە بەڵێنی دا

نها نیوز – هەواڵەکان

وتەبێژی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان دەڵێت "مەسرور بارزانى پەیوەندیی تەلەفۆنیى لەگەڵ سودانى ئەنجامداوە و داواى چارەسەرکردنى کێشەی مووچەى هێزە ئەمنییەکانی لە سەرۆک وەزیرانى عێراق کردووە، سودانیش بەڵێنى چارەسەرکردنى داوە.

پێشەوا هەورامانى، وتەبێژى حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێمى کوردستان بە میدیای یەکێتیی وت "ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی تەمووزی 2024، مەسرور بارزانى، سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان پەیوەندیى تەلەفۆنیى لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق ئەنجامداوە.

وتیشی "پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بە ئامانجى چارەسەرکردنى پرسى دواکەوتنى مووچەى هێزە ئەمنییەکان بووە، سودانیش بەڵێنیپێداوە بەم زووانە چارەسەرى ئەو پرسە بکات و مووچەکانیان رەوانە بکات.

لەبارەى پرسى رەوانەکردنى داهاتى نانەوتى، وتەبێژى حکومەتی کاربەڕێکەر دەڵێت، ئەوان هیچ گرفتێکیان نییە بۆ ناردنى داهاتى نانەوتیى هەرێمى کوردستان کە دوو مانگە لەسەدا 50ـی داهاتە فیدراڵییەکان رەوانە کراوە.

دەشڵێت "ئێمە وەک حکومەتى هەرێمى کوردستان هەموو ئاسانکارییەکمان کردووە بۆ دیوانى چاودێریى دارایى، ئێمە خۆمان دەرگامان کردووەتەوە بۆ دیوانى چاودێریى دارایى تا کارەکانیان ئەنجامبدەن و کێشەى مووچە چارەسەر ببێت.

لەبارەى خەرجنەکردنى تەواوى شایستەى دارایى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى عێراق، پێشەوا هەورامانى جەختدەکاتەوە "مەسرور بارزانى داواى لە شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەتایبەت وەزیرى دارایى و ئابوورى کردووە کە نوسراوى فەرمى ئاراستەى بەغدا بکەن بۆ ئەو مەبەستە، کە ئەوەش لاى ئەوان وەک حکومەت بووەتە پرسیار کە بەغدا دەبوو شایستەى دارایى بودجەى وەک خۆى رەوانە بکردایە نەک تەنیا مووچەى مووچەخۆران.
 
2024-07-10
زیاتر...