ئابوری

ئاوات شێخ جەناب: هەموو مانگێک کێشەیەکی نوێ بۆ مووچە دروست دەکەن

نها نیوز – هەواڵەکان

وەزیری دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی كوردستان دەڵێت "هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە بە تایبەت سەبارەت بە گەڕاندنەوەی داهاتەكان بە بەغدا، بەڵام هەموو مانگێک کێشەیەکی نوێ بۆ موچە دروست دەکەن.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی كوردستان لە پێشوازیی کۆنسوڵی گشتیی کۆماری میللیی چین لە هەرێمی کوردستان، رایگەیاند "لێکتێگەیشتن و بەرەوپێشچوون بۆ چارەسەری کێشەی موچە هەیە و چەند جارێک وردبینی لە لیست و ناوی هێزە ئەمنییەکان کراوە، هەرچەندە بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێت هیچ کێشە و هۆکارێک ببێتە هۆی دواکەوتن و نەدانی موچە، بەڵام بە بیانوی وردبینیەوە هەموو مانگێک کێشەیەکی نوێ بۆ موچە دروست دەکەن.

لە بارەی دواكەوتنی موچە ئاوات شێخ جەناب دەڵێت "بەپێی یاسای بودجە دەبێت سێ مانگ جارێک وردبینی لە خەرجی و داهات بکرێت، هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، لەوانە گەڕانەوەی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم و رادەستکردنی لیست و ناوی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان و بەردەوامی بە بانکیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی راپۆرتی تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە.

ئەمە لە كاتێكدایە، بەغدا تەنیا پارەی موچەی مانگی شەشی بۆ چەند چینێك لە موچەخۆرانی هەرێم ناردووە، وەك خانەنشینان و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفال و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، بەڵام تائێستا مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان نەنێردراوە، ئەمەش ناڕەزایی ئەو چینانەی لێکەوتووەتەوە.
 
2024-07-08
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.