هەواڵ

پارتی هەڵبژاردنی هەڵپەسارد و یەکێتیش چەند پۆستێکی نوێ وەردەگرێت

نها نیوز ـ هەواڵەکان

لە سنوری نەینەوا یەکێتی چەند پۆستێکی نوێ وەردەگرێت و پارتیش ئەندامبوونی خۆیان لە پارێزگای ئەو سنورە هەڵپەسارد.

بەگوێرەی میدیای یەکێتی، لە ئێستادا یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان وەک پشکی خۆی پۆستی قائیمقامی قەزای مەخمور و ناحیەکانی سنونی و وانەی وەرگرت لە حکومەتی خۆجێی پارێزگای نەینەوا.

هەر بەگوێرەی ئەو میدیایە، هەریەکە لە سەردار مەخموری بۆ پۆستی قائیمقامی مەخمور و داود شێخ جندی وەک بەرێوەبەری ناحیەی سنونی و یاسر شێخ عصاف وەک بەڕێوەبەری ناحیەی وانکی دیاریکراون.

هاوکات ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، هەردوو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و فراكسیۆنی "نەینەوا موەحەدە"، ئەندامێتی خۆیان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵپەسارد، ئەوەش دوای ئەوەی گۆڕانكاری لە پۆستی 14 قائیمقامیەت و ناحیەی سنوری نەینەوا لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگادا دەنگیان لەسەردرا.

زانیارییەکانی میدیای یەکێتی ئەوەشی ئاشکرا کردووە، پارتی و فراكسیۆنی نەینەوا موەحەدە، كە 13 كورسی ئەنجومەنەكەیان هەیە، بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە ئامادەبونی 16 ئەندام لە كۆی 29 ئەندام، گۆڕانكاری لە پۆستی 14 قائیمقامیەت و بەڕێوەبەری ناحیەی سنورەكەدا كرد.

جێی سەرەنجە، نەینەوا موەحەدە، لە پێكهاتەی سونەیە و كوڕەكەی نەجم جبوری، پارێزگاری پێشوی نەینەوا سەرۆكایەتی دەكات و خاوەنی زۆرترین كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكە بوو تا ئەوكاتەی پێنج لە ئەندامەكانی لە فراكسیۆنەكە كشانەوە و چونە پاڵ هاوپەیمانی "نەینەوا مستەقبەل" كەلە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانەوە نزیكە. 

نەینەوا موەحەدە لە ئێستادا خاوەنی نۆ كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستانیش خاوەنی چوار كورسی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوایە.
2024-07-02
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.