ئێستا گەیشت.. سوپای تورکیا لەشکرکێشییەکی گەورەی کردووەتە ناو خاکی هەرێم
نها نیوز – هەواڵەکان
بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان دەڵێت، سوپای تورکیا بە درێژایی 50 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە و بەشێکی گوندەکانی ئەو ناحیەیەش بەو هۆیەوە چۆڵکراون.
ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بە میدیای یەکێتیی راگەیاند "سوپاى تورکیا بە درێژیى زیاتر لە 50 کیلۆمەتر لەناو خاکى هەرێمى کوردستاندایە و هیچ بارەگایەکى پارتى کرێکارانى کوردستان لە سنوورەکەیاندا نییە.
ئەو دەشڵێت "بەهۆى لەشکرکێشیى سوپاى تورکیاوە، بەشێکى گوندەکانى سنوورى سیدەکان چۆڵکراون و دواى کۆبوونەوەى لیژنەى باڵا بڕیاردراوە بە رێگەپێدانى ئەو کەسانەى کارى هەنگەوانى، کشتوکاڵى و ئاژەڵدارى دەکەن لە کوێستانەکانى سیدەکان و دەرەوەى خاڵەکانى پێشمەرگە.
بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان باس لەوەش دەکات "جیاواز لە ساڵانى رابردوو ناسنامەیەک بۆ ئەو کەسانە دروستدەکەن کە سەردانى خاڵەکانى دەرەوەى پێشمەرگە دەکەن، سوپاى تورکیا بەدرێژایى زیاتر لە 50 کیلۆمەتر و بەقووڵایى 30 کیلۆمەتر لەناو خاکى هەرێمى کوردستاندایە لە شارەدێی سیدەکان.
ئیحسان چەلەبی جەختیش دەکاتەوە "هیچ بارەگایەکى پارتى کرێکارانى کوردستان لە سنوورى شارۆچکەکەیان بوونى نییە.
|