نها نیوز - هەواڵەکان
سەرکردەیەک لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لەسەر دۆسیەی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕەخنەی توندی لەئاستی کارکردنی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران دهگرێت و دەڵێت: "سودانی لەو پرسەدا ڕوپامایی ئەمریکییەکان دەکات.
سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نوری مالیکی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا وتی "محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، لەپێناو بەدەستهێنانەوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی حکومەت، لە دۆسیەی دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق دڵی ئەمریکییەکان ڕادەگرێت.
مەتڵەبی ئاماژەی بەوەشکرد "تاوەکو ئەمریکییەکان بۆ بەدەستهێنانی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی حکومەت ناڕازیی نەبن، سودانی هەوڵی دڵڕاگرتنی ئەمریکییەکان دەدات.
ناوبراو وتیشی "پهرلهمان کە یاسای دەرکردنی هێزە بیانییەکانی دەرکردووە، هەر ئەو دەتوانێت ویلایەتی دووهمی حکومەت بەسودانی ببەخشێتەوە یان ڕێگریی لێبکات و ئەوە بە ڕوپامایی سیاسیی ناکرێت".
ئەو سەرکردەی دەوڵەتی یاسایە باسی لەوەشکرد "بوونی ئەمریکییەکان بە رەزامەندیی حکومەتی عێراق بووە و درێژکردنەوەی ئەو مانەوەیەش هەر بە رەزامەندیی حکومەت دەبێت.
سەعد مەتڵەبی ئاشکراشیکرد "داواکارییە جەماوەرییەکانی عێراق مافی خۆیەتی و دەبێت حکومەت کار بۆ گەلەکەی بکات نەوەک بۆ دوژمنەکەیان.