کوردستان

بەغدا پارەی بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان نارد

وەزارەتی دارایی عێراق کەمێك پێش ئێستا 340 ملیار دیناری خستەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم.

بەگوێرەی زانیارییەکانی نهانیوز، ئەو 340 ملیار دینارە بۆ مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانە.

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ سەرچاوەیەک لەبانکی ناوەندیی عێراق-لقی هەرێمی کوردستان بە میدیاى نزیك له‌ یه‌كێتى وتوه‌، "تائێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغدادەوە بۆ مووچەى مانگى پێنجى هێزە ئەمنییەکان و مووچەى مانگى حوزەیرانى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان نەخراوەتە سەر هەژمارى بانکى وەزارەتى دارایى".

پێشتر سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق وتبووى، "بڕیاردراوە بە خەرجکردنی مووچەى مانگى ئایارى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان و دەستیانکردووە بە رێکارەکانی ناردنی مووچەکانیان".

مووچەى مانگى ئایارى هێزەئەمنییەکان، بەهۆى وردبینی داتاکان دواکەوت. دوایینجار لە 10ی حوزەیراندا، بڕی 344 ملیار و 875 ملیۆن دینار وەک مووچەى مانگى نیسان خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.

هاوکات لیوا روکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرایكردووه‌، " بۆ مووچەى مانگەکانى چوار و پێنجى هێزەکانى پێشمەرگە لیستى ناو نێردراوە و چاودێرى دارایی و وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان و عێراق وردبینى بۆ دەکەن و تەنیا دەمێنێتەوە جێبەجێکردنى بڕیارەکەى دادگاى باڵاى فیدراڵى بۆ بەبانکیکردنى مووچە".

2024-06-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.