هەواڵ

بڕیارێكى به‌په‌له‌ له‌ كۆمسیۆنه‌وه‌

ئەمڕۆ بۆ دووەمجار کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانى عێراق وادەی پێشکەشکردنی داواکاریی و خۆتۆمارکردنی حزب ‌و هاوپەیمانێتی و کاندیدایانی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان درێژکردەوە.

کۆمسیۆن ئەمجارە ماوەی پێشکەشکردنی داواکارییەکانی بەشداربوون لە هەڵبژاردنی بۆ سێ ڕۆژ درێژ کردووەتەوە و لە ئەمڕۆوە تا وەکوو کۆتایی دەوامی نووسینگەکانی کۆمیسیۆن لە ڕۆژی 27ی حوزەیرانی 2024 بەردەوام دەبێت.

ماوەی پێشکەشکردنی داواکاری هاوپەیمانێتی و کاندیدانی پێکهاتەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سەرەتا لە 8 تاوەکوو 13ی حوزەیرانی 2024 بەردەوام بوو، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 13ی مانگ بەر لە کۆتایی هاتنی دەوامی ئاسایی ماوەکەی تاوەکوو ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024 درێژکردەوە.

ئەمڕۆش بۆ دووەمجار ماوەی پێشکەشکردنی داواکارییەکانی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بۆ سێ ڕۆژی دیکە درێژکردەوە و بە گوێرەی زانیارییەکانیش، پێشبینیدەکرێت لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.

بەگوێرەی دوایین ئامار، تاوەکوو یەکشەممە 23ی حوزەیرانی 2024 پێشکەشکردنی داواکاری خۆ تۆمارکردنی پارت و کاندیدانی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بووە:

پارێزگای هەولێر
- دوو هاوپەیمانی

- نۆ کاندیدای تورکمان

- حەوت کاندیدای کریستیان

- نۆ کاندیدای تاک – گشتی

- 10 کاندیدای پارتە سیاسییەکان

 - پێشکەشکردنی سێ داواکاری خواستی بەشداربوونی هەڵبژاردن لەلایەن پارتە سیاسییەکانەوە

پارێزگای سلێمانی
- هاوپەیمانی نییە

- دوو پارتی سیاسی

- هەشت کاندیدای تاک – گشتی

- پێنج کاندیدای تورکمان

- یەک کاندیدای کریستیان

پارێزگای دهۆک
- هاوپەیمانێتی نییە

- چوار کاندیدای کریستیان

- چوار کاندیدای تاک – گشتی

- یەک کاندیدای حزبی بابلیون

2024-06-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.