ئێران هەزاران چەکداری سەر بە میلیشیاکان بۆ جەنگی حزبوڵڵا دژ بە ئیسرائیل ئامادە دەکات
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرایانکردوە، ئێران هەزاران چەکداری سەر بەمیلیشیا چەکدارییەکانی خۆی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەدەکات بۆئەوەی ڕەوانەی لوبنانیان بکات تاوەکو پەیوەندیی بەڕێکخراوی حزبوڵڵا لەشەڕی دژ بەئیسرائیلدا بکەن، ئەویش لەئەگەری پەرەسەندنی ململانێی نێوان ئەو دوو هێزە بۆ شەڕێکی سەرتاسەری.
ڕاپۆرتەکان دەڵێن، سەرکردەی میلیشیا عێراقیو ئێرانیو یەمەنییەکان ئامادەن هەزاران چەکدار ڕەوانەی لوبنان بکەن بۆ یارمەتیدانی حزبوڵڵا.
ڕاپۆرتەکان دەشڵێن، حزبوڵڵا دەیەوێت تەنها پشت بەهێزە چەکدارەکانی خۆی ببەستێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو پێشنیازە لەلایەن ئەو هێزەوە بۆ ناردنی هێزی پشتیوانیی بۆی.
لەلایەکی ترەوە چاودێران پێیانوایە، ئاماژەی ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکە لەلایەن حزبوڵڵاوە بەڵگەیە لەسەرئەوەی ئەو هێزە متمانەی بەو گروپانە نییە کە پێشتر لەلایەن ئەمریکییەکانەوە پشتوانی داراییان کراوە، جگە لەبەشدارییکردنیان لەحکومەتی عێراق کە بەفەرمانی ئێرانو ئەمریکا وەرگرتوە.
چاودێران وایدەبینن، ئەگەربێتو شەڕی گشتگیر لەنێوان ئیسرائیلو حزبوڵڵا هەڵبگیرسێت، ئەوە هەموو ناوچەکە دەگرێتەوەو عێراقیش دەبێت بەبەشێک لەگۆڕەپانی ئەو جەنگە.
|