كاندیدێكى سهرۆكایهتى ئێران بهڵێنێكى قورس دهدات
سێ ڕۆژ پێش کۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، محەممەد باقر قاڵیباف کاندیدی پارێزگاران بۆ سەرۆکایەتیی کۆمارو سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، ستراتیژیی دانوستان لەگەڵ نەیاران لەسەر بنەمای هەنگاو بەهەنگاو دەبێت، وەکو ئاماژەیەک بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا.
ئەمە لەکاتێکدایە کاندیدی چاکسازیخوازەکان مەسعود پزیشکیان جەختی لەگرنگیی پەیوەندیی لەگەڵ جیهانی دەرەوە کردەوە، لەکاتێکدا کاندیدای پارێزگاران مستەفا پورمحەممەدی وتی:"بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە هێشتا هەستیان بەڕۆحی هەڵبژاردن نەکردوە".
ڕۆژی هەینی، لەئێران هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لەمانگی ڕابردودا لەئەنجامی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی لەباکوری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە گیانی سپارد.
قاڵیباف لەیەکێک لەمزگەوتەکانی قوم دوای کۆبونەوەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئایینی، وتی:"دژی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نییە، بەڵام ئێمە لەڕوبەڕوبونەوەداین لەگەڵ دوژمندا، هەروەها ئەم دانوستانانە کۆتاییان پێنەهاتوە، دوای کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دانوستانەکان پەکخران".
ئێران سەرقاڵی دانوستانی ناڕاستەوخۆیە لەگەڵ ئەمریکا، دوای زیندوکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بەنێوەندگیریی ژمارەیەک لایەنی هەرێمیو نێودەوڵەتی.
قاڵیباف ئاماژەی بەوەشدا، "ئێمە بەدوای هەنگاوی دڵنیاییدا دەگەڕێین لەدانوستانەکاندا، پێویستە ئەمریکییەکان بزانن ئێمە بەدوای بەرژەوەندیی ئابوریی گەلداین، ئێمەش بەدواداچون بۆ ئەم پرسە دەکەین لەحکومەتدا".
قاڵیباف ئێوارەی ڕۆژی شەممە، لەدیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکوانو شارەزای ئابوری، دیدگای خۆی بۆ سیاسەتی دەرەوە ڕاگەیاند وتی:"من بەدانوستان ڕازیم، دانوستان ئامرازێکە بۆ خەبات، لەسیاسەتدا دەبێت هەمیشە ئەوەمان لەبیربێت کە ئێمە قسە لەگەڵ دوژمنەکەمان دەکەین، ئەمریکا نەک هەر لەدوای شۆڕشەوە دوژمنمان بوە، بەڵکو بەدرێژایی مێژوو دوژمنمان بوە".
قاڵیباف بەسیاسیکردنی ئابوریی ڕەتکردەوەو بەمەرگی ئابوری ناوبرد، جهختیشدهكاتهوه، "چارەی کێشە ئابورییەکانیش مەرجی نەبونی بەسیاسیکردنه، ئەگەر بتوانین وەبەرهێنانی ناوخۆ ڕابکێشین، وەبەرهێنەرانی بیانی خۆیان دێن، بهگوێرهى ئامارە بڵاوکراوەکان توانای نەختینەیی لە 45 ملیار دۆلار کەمتر لەدەستی خەڵکی ناوخۆی وڵاتدا نییە، ئەگەر نەتوانین ئەم وەبەرهێنانە ڕابکێشین، ناتوانین هیچ وەبەرهێنەرێکی ئێرانی لەدەرەوەی وڵاتیش ڕابکێشین".
دواتر، قاڵیباف لەمیانی دیدارەکەیدا لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردەی سوننە لەئێران ڕایگەیاند، هەندێک دەڵێن ئەو سزایانە جگە لەکاغەزێک هیچی تر نین، بەڵام من لەگەڵ ئەم بۆچونەدا نەبوم، بەدڵنیاییەوە گەمارۆکان فشارو سەختی دروستدەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەسیاسەتی دەرەوەدا وەک ئەولەویەتێک بەدوای ئەم بابەتەدا دەگەڕێمو ئینشائەڵڵا سێبەری گەمارۆ قورسەکان لەسەر وڵات لادەبەم.
|