کوردستان

ئاشکرابوو.. 25 کاندیدی تورکمان و مەسیحی کێبڕکێی کورسی کۆتا دەکەن

نها نیوز - هەواڵەکان
لەدوای درێژکردنەوەی وادەی خۆتۆمارکردن هەتا ئێستا 55 هاوپەیمانی و حزب و کاندید بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ناویان تۆمارکردوەو ئەمڕۆش کۆتا وادە بوو بۆ ناوتۆمار کردن، وتەبێژی کۆمسیۆنی عێراقیش دەڵێت "لەو چوارچێوەیەدا 25 کاندیدی تورکمان و مەسیحی کێبڕکێ بۆ کورسی کۆتاکان دەکەن.
 
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق بە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت "ئەمڕۆ 23-6-2024 کۆتا وادەی ناوتۆمارکردنی هاوپه‌یمانێتی و حزب و كاندیده‌كان بوو بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و لە 8-6-2024 تائێستاش 55 هاوپەیمانێتی و حزب و لایەن و کاندیدی حزبەکان و کاندیدانی سەربەخۆ ناویان تۆمارکردووە.

غەلای رونیشیکردەوە "لەو ژمارانە لە پارێزگای سلێمانی، دوو حزب و هەشت کاندیدی بۆ دەنگدانی گشتی و پێنج کاندیدی تورکمان و یەک کاندیدی مەسیحی ناویان تۆمارکردووە لە هەولێر، دوو هاوپەیمانێتی و 13 حزب و نۆ کاندیدی تورکمان و حەوت کاندیدی مەسیحی و نۆ کاندیدی گشتی خۆیان تۆمارکردووە، هاوکات لە پارێزگای دهۆکیش چوار کاندیدی مەسیحی و چوار کاندیدی گشتی و یەک حزب خۆیان تۆمارکردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر 10 حزب و دوو هاوپەیمانێتی و 54 کاندید خۆیان تۆمارکردبوو، کە رێژەکە لەگەڵ تۆمارکراوە نوێکان دەکاتە چوار هاوپەیمانێتی و 26 حزب و 101 کاندید بە سەربەخۆ و کاندیدی لایەنەکان و کاندیدی پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی.

پەیوەست بە دیاریكردنی واده‌یه‌كی نوێ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستانیش وتەبێژەکەی کۆمسیۆن ئاماژە بەوە دەکات "چاوه‌ڕ‌ێی ده‌ركردنی مه‌رسومێكی نوێی هه‌رێمی ده‌كه‌ین له‌سه‌ر دیارییكردنی واده‌یه‌كی نوێی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، هاوكات كۆمسیۆن پێشنیاری خۆی بۆ واده‌یه‌كی نوێی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن به‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم داوه‌ كه‌ رۆژی 5-9-2024.

"پێویسته‌ واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ماوه‌ی یاسایی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاراندا بێت، چونكه‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌ 6/1/2025 كاره‌كانی كۆتایی پێدێت و پێویسته‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان پێش كۆتایی ته‌مه‌نی كۆمسیۆن ئه‌نجامبدرێت و ئێمه‌ش ئاماده‌ین بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌"، جومانە غەلای وا دەڵێت
 
2024-06-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.