کوردستان

سەرکردەیەکی پارتی: جیلی نوێ دەنگ بە پارتی و یەکێتی دەدەن چونکە بەدیلمان نییە

نها نیوز – هەواڵەکان

سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پێشبینیکردن بۆ ژمارەی کورسییەکانی حزبەکەی لە پەرلەمانی داهاتووی کوردستان "قورسە"، دەشڵێت "جیلی نوێ دەنگ بە پارتی و یەکێتی دەدەن، چونکە بەدیلمان نییە".

دوای گۆڕانکاری لە بڕیارەکانی پێشووی دادگای فیدڕاڵی عێراق سەبارەت بە سیستەمی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان پارتی پێی وایە جۆرێک پلانیان بۆ زیان گەیاندن لە دەنگی حزبەکەیان تێدابووە، وە سەبارەت بە دۆخی پارتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، فازڵ بەشارەتی سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمریکا دەڵێت "پێشبینیکردن بۆ ژمارەی کورسییەکانی پارتی لە پەرلەمانی داهاتووی کوردستان قورسە، بەڵام پێموایە حزبەکەم دەنگی پێویست دەهێنێت بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین کورسی پەرلەمانی.

فازڵ بەشارەتی ئاشکراشیکرد "پارتی پشت ئەستوورە بە دەنگدەرەکانی، هەموو حزبەکان کورسییان کەمدەکات، بەڵام ژمارەی کورسییەکانی پارتی بەڕێژەیەکی بەرچاو لە حزبەکانی تر زیاتر دەبێت.

بەوتەی سەرکردەکەی پارتی، جیلی نوێ ڕێژەیەکی زۆری دەنگدەری هەرێم پێکدەهێنن و لە پەرلەمان و پۆستە ئیدارییەکانیش پشکییان هەیە، جیلی نوێ دەنگ بە پارتی و یەکێتی دەدەن.

وتیشی "جیلی نوێ خۆیان لە هەڵبژاردن نابوێرن و خۆشیان لە پارتی و یەکێتی جیاناکەنەوە، چونکە ئەم دوو حزبە بەدیلیان نییە و قورسایی سیاسییان هێندە لەبەرچاوە کەس ناتوانێت خۆی لێ کەڕ بکات.

بڕیاربوو ڕۆژی 10ی شەشی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت، لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریکردنی لەو هەڵبژاردنەدا ڕەتدەکردەوە. بەڵام دوای سکاڵایەکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق، دادگاکە ڕێوشوێنەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا راگرت.

لای خۆشیەوە عومەر محەمەد، چاودێری سیاسی پێیوایە دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بەرژەوەندی پارتی و یەکێتییە، ئەوان دەیانەوێت کاتێک پرۆسەکە ئەنجام بدرێت گونجاوبێت و لە بەرژەوەندییان بێت.

عومەر محەمەد باسی لەوەشکرد "یەکێتی و پارتی چاوەڕوانی ڕێککەوتنی یەکلایی کەرەوەون لەگەڵ بەغدا، تا توڕەیی خەڵک هێور ببێتەوە و کاتەکە گونجاو بێت بۆیان تا هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامبدەن.
2024-06-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.