میلیشیایەکی عێراقیی بەشداریکردنی لە جەنگی دژ بە ئیسرائیل ڕاگەیاند
کەتائیبی سەید شوهەدا، یەكێك لە میلیشیا دیارەکانی عێراق هەڕەشەی بەشداریکردنی لە جەنگ دژی ئیسرائیل و ئەمریکا دەکات، ئەگەر بێتو ئیسرائیل هێرشبکاتەسەر لوبنان.
میلیشیاکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، دەچنە نێو هەر جەنگێکەوە کە لەنێوان حزبووڵڵای لوبنانی و ئیسرائیل هەڵبگیرسێت، هاوکات کازم فەرتوسی، وتەبێژی میلیشیای سەید شوهەدا بە میدیا عێراقییەکانی وتووە، ئەو جەنگە یەك بەرەیە و عێراقیش بەشێکە لەو بەرەیە.
بەوتەی فەرتووسی، عێراق بەشێكە لەو جەنگە و ئێستا بە کرداریی چووەتە نێو جەنگەکەوە، دەشڵێت "پێویست ناکات بڵێین دەچینە ئەو جەنگەوە، چونکە چوین و بەشێکین لێی".
هاوکت باسی لەوەشکردووە، میلیشیا عێراقییەکان رۆژانە "ڕژێمی زایۆنیی" بە ئامانج دەگرێت، وتوشیەتی "ئەگەر ئیسرائیل هێرشبکاتەسەر لوبنان، ئەوا ئەو وڵاتە دەبێتە گۆڕستان بۆ سەربازەکانی ئیسرائیل و هەمووشمان بەشداریی لە بەخاکسپاردنیان دەکەین".
|