ئابوری

لە بەغداوە زانیاری گرنگ لەبارەی تەوتین و مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەکان و مانگی شەشی مووچەخۆران گەیشت

نها نیوز – هەواڵەکان

لەبارەی مووچەی مانگی هێزە ئەمنییەکان و مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم و تەوتینکردن لەگەڵ پەلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، ئەندامێکی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق زانیاری گرنگ بۆ نها نیوز دەدرکێنێت.

دارا سێکانیانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی یەکگرتوو لەبارەی نوێترین زانیاری لەسەر تەوتینکردنی مووچە بە نها نیوز دەڵێت "ئێستا ئەوەی گرفتە هەرێم باس لە پرۆسەی هەژماری من دەکات و حکومەتی عێراقیش پێداگرە کە لە بانکە فیدڕاڵییەکانەوە تەوتین بکرێت، باسلەوەشکراوە کە بانکی (تی بی ئای) بۆ ئەو پرۆسەیە راسپێردراوە، بەڵام بەداخەوە جۆرێک لە خاوی و سستی هەستپێدەکرێت کە ئەمیش پێموایە دوور نییە ببێت بە کێشە و لەپمەڕێک بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، تاوەکو ئێستا زانیارییەکان بەو شێوەیەیە، بەڵام پێموایە لەداهاتوودا هەر دەبێت ئەو پرۆسەیە سەربگرێت، چونکە ناکرێت بەپێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی هەنگاوی بۆ بنێرت.

سەبارەت بە ناردنی مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەکانیش دارا سێکانیانی ئاشکراشی دەکات "هەردوو حکومەت پابەندن بە بڕیاری دادگاوە، بەڵام دیارە هەندێک رێکاری ئیداری و کارگێڕی هەیە بەتایبەت دوای ئەوەی کە لیست دەنێردرێت، بۆ وادەی ناردنی پارەکەش پەیوەندی بە سیولەیە وە دەبێت بانکی ناوەندی ئەو پارەیەی لەبەردەستدا بێت.

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەم هەفتە یاخود هەفتەی داهاتوو پارەی هێزە ئەمنییەکان دێت؟ ناوبراو رونیشیکردەوە "کات ناتوانم بڵێم، چونکە چەندینجار وتویانە بەیانی و دوو بەیانی دەنێردرێت و بووە بە هەفتانە و واش دەرنەچووە، بەڵام گەرەنتی مووچە هەیە ئەگەر گرفتی لاوەکی بۆ دروست نەکرێت.

پەیوەست بە مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمیشەوە، بەوتەی ئەندامەکەی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق "هەرێم بەردەوام لیستەکان دوادەخات، وا 20ی مانگە دەبێت هەرێمی کوردستان لیستی مووچە ئامادە بکات و بینرێت، بەڵام کە دواخرا ناردنی مووچەش دوادەکەوێت، وە ئێستا پشووە یەکشەممە دەوام دەکرێتەوە ئەگەر هەرێم لیستەکەی ئامادەکردبێت کارێکی باشە ئەگەر ئامادەش نەبێت دوادەکەوێت.

لەسەر بابەتی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمیش سێکانیانی هەرێم بەهۆکاری جێبەجێنەکردن و پشتگوێخستنی دەزانێت و دەڵێت 'بابەتی پلە بەرزکردنەوە و خانەنشینی لەلای حکومەتی هەرێمی کوردستانە، حکومەتی هەرێم کە دەیزانی مووچە دەچێتەوەسەر بەغدا دەبوو لەماوەی ئەو سێ مانگەی ساڵی رابردوودا بڕیاری لەسەر پلەبەرزکردنەوە و تەنانەت خانەنشینی کە عێراق هەرێمی پابەند کردووە کار بە یاسای ساڵی 2014، بەڵام هەرێم نەیکردووە.

ئ.ز

2024-06-20
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.