ئابوری

وه‌زاره‌تى دارایی له‌ باره‌ى پڕۆژه‌ى هه‌ژمارى منه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

وەزارەتی دارایی دەڵێت، بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی 50 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی لە پارێزگاری هەولێر مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لەڕێگەی پرۆژەی 'هەژماری من'ـەوە وەرگرت، ژمارەی سودمەندان دوو هێندەی مانگی ڕابردوو بوو. ئەمەش دوای ئەوە هات کە لەماوەی ڕابردوودا خۆیان لە پرۆسەی بە بانکیکردن تۆمارکردبوو.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدرابوو، ئامانج لە پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە کەوا هەژمارێکی بانکی پارێزراو و سەلامەت بۆ فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بە شێوازێکی هاوچەرخ دابین بکات کە خۆیان خاوەندارییەتی تەواوییان بەسەریەوە هەبێت.

دەشڵێت، هەروەها خۆشحاڵین کە لەگەڵ فراوانبوونی زیاتری پڕۆژەکە، هاوڵاتییانمان خۆیان دەتوانن ئەزموونی ئەو کارئاسانییە بکەن و متمانەیەکی زیاتر لایان درووست ببێت، _چونکە پرۆژەی هەژماری من دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە لەژێر ڕەزامەندی و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق، هەڵدەستن بە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری و بەرهەمە بانکییەکان بە هەرزانترین تێچوو لەسەر ئاستی عێراقدا._

وەزارەتی دارایی ئاشکراشیکرد تا کۆتایی ئەمساڵ و لەڕێگەی پرۆژەی هەژماری من، سەرجەم مووچەخۆران کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار دەکرێن.   هەربۆیەش بەوپەڕی توانامانەوە هەموولایەک هان دەدەین تاوەکو لەم گۆڕانکارییە وەچەرخانەی هەرێمی کوردستان بەشداربن.

2024-06-13
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.