کوردستان

نێچیرڤان بارزانی بۆ وادەیەکی نوێی هەڵبژاردن وەڵامی کۆمسیۆن ناداتەوە

نها نیوز – هەواڵەکان

بەپێی چوارەمین مەرسومی هەرێمی کە ئیمزای نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لەسەربوو، ئەمڕۆ 10-6-2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچوو، کۆمسیۆنی عێراقیش چاوەڕوانی پێنجەمین مەرسومی هەرێمییە بۆ هەڵبژاردن و بەڵام نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بێ وەڵامە.
 
کۆمسیۆنی باڵایی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی 5-9-2024 پێشنیازیکرد رۆژی دەنگدانی گشتی دیاریبکرێت. بەڵام تائێستا سەرۆکایەتی هەرێم نەیتوانیوە کاتێکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاریبکات.
 
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەوبارەیەوە بە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی دەڵێت "تەمەنی کۆمسیۆن بۆ ماوەیەکی کاتی درێژکراوەتەوە و پێویستە لەو ماوەیەدا سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواو بکات.
 
ناوبراو راشیگەیاند "لەوە زیاتر دواخستنی مەرسومی هەرێمی بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کاریگەری لەسەر راپەڕاندنی کارەکانمان بۆ هەڵبژاردن دروستدەکات، لەکاتێکدا زیاتر لە 10 رۆژە داوامان لە سەرۆکایەتی هەرێم کردووە وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات.
 
بەوتەی غەلای، ئەنجومەنی نوێنەران تاوەکو سەرەتای ساڵی 2025 تەمەنی کۆمسیۆن درێژکراوەتەوە، ئەمەش لەپێناو سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنەوە، وتیشی "پێویستە سەرۆکایەتی هەرێم بەزووی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات، بۆ ئەوەی بتوانرێت پێش تەواوبونی تەمەنی کۆمسیۆن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ئەنجامدابێت".
 
ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشتر چوارجار مەرسومی هەرێمی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەركردووە و ئێستاش پێویست دەكات مەرسوومی پێنجەم دەربكات، بەڵام سەرۆکایەتی هەرێم بێ وەڵامە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو میدیایە بێت، لە یەکەم دەرگا کردنەوەی کۆمسیۆن بۆ ناو تۆمارکردنی حزب و هاوپەیمانی و کاندیدەکان کە رۆژی 14-3-2024 دوا وادەبوو 20 حزب و دوو هاوپەیمانێتی و 54 کاندید ناویان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان تۆمارکردبوو، بەڵام لەپاش دواخستنی هەڵبژاردن جارێکی دیکە کۆمسیۆن رۆژی 8-6-2024 دەرگای ناو تۆمارکردنی کردەوەو پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێشتر ئامادەنەبوو بەشداری هەڵبژاردن بکات و ناوی خۆی تۆمارنەکردبوو، بەپێی راگەیەندراوێکی کۆمسیۆن دوێنێ 9-6-2024 رەزامەندی نیشانداوە بەشداری هەڵبژاردن بکات.

 جێی ئاماژەیە، رۆژی 3ـی 3ـی 2024، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی هەرێمی بۆ دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان ئیمزا كرد و بڕیاریدا کە هەڵبژاردنەکە رۆژی 10ـی 6ـی 2024 ئەنجام بدرێت، وە پێشتریش سێجار هەڵبژاردنەکە دواخرابوو، هەروەها لەسەر سکاڵایەکی سەرۆکی حکومەتی هەرێم جارێکی دیکە هەڵبژاردن دواخرایەوە.

هاوکات پێشتر نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چوارجار مه‌رسومی هه‌رێمی بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ركردوه ‌و له‌رۆژنامه‌ی وه‌قایعدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ بریتین له‌....

1-مه‌رسومی رۆژی 24ی شوباتی 2022 بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 1ی تشرینی یه‌كه‌می 2022.
2-مه‌رسومی رۆژی 26ی مانگی ئازاری 2023، بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 18ی تشرینی دووه‌می 2023.
3- مه‌رسومی رۆژی 3ی مانگی ئابی 2023 بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 25ی شوباتی 2024.
4- مه‌رسومی رۆژی 3ی ئازاری 2024 بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 10ی حوزه‌یرانی 2024.

ئ.ز

 
2024-06-10
زیاتر...