ئابوری

تائێستا زانیوته‌ هه‌رێم له‌شه‌ش مانگدا چه‌ند داهاتى هه‌بووه‌؟

ئەندامێکى خولى پێنجەمى پەرلەمانى كوردستان داهاتى ناوخۆى هەرێم لە شەش مانگى یه‌كه‌مى ئەمساڵدا ئاشكراده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ شه‌ش مانگدا داهاتى هه‌رێم بریتی بووه‌ له‌ سێ ترلیۆن و 870 ملیار دینار، ده‌شڵێت:"تەواوی مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە دێت و لایەنەكانی دەسەڵات یەك دیناریان بۆ مووچە خەرجنەكردووە".

عومەر گوڵپى ئەندامى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان لە فەیسبوکى تایبه‌تى خۆى نووسیوویه‌تى:"داهاتى ناوخۆى هەرێم لە شەش مانگى یه‌كه‌مى ئەمساڵدا بریتیبووە لە سێ ترلیۆن و 870 ملیار دینار".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، ئەو داهاتەی‌ حكومەتی هەرێم لە شەش مانگی‌ ئەمساڵدا دەستیکەوتووە و باسی‌ ناکات، بەمجۆرەیە:

یەكەم: لە گومرگ و باج و ڕسوماتەوە، مانگانە 320 ملیار دینار بە پێی قسەی خۆیان! کە بۆ شەش مانگی ئەمساڵ دەکاتە یەک ترلیۆن و 920 ملیار دینار.

دووەم: لە فرۆشتنی نەوتەوە بە تەنكەر و پاڵاوگە، ئەگەر تەنها 25 دۆلار لە بەرمیلێك نەوت بمێنێتەوە ئەوا بۆ شەش مانگەکە کۆى داهاتەکەى دەکاتە  یەک ترلیۆن و 950 ملیار دینار.

ئه‌ندامه‌كه‌ى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌وه‌شى باسكردووه‌، بە هەردوو داهاتی ناوخۆ و نەوتییەوە، لە شەش مانگی‌ ڕابردوودا، حکومەتی‌ هەرێم نزیکەی‌ سێ ترلیۆن ‌و 870 ملیاری دەستكەوتووە، خۆ ئەگەر نزیکەی‌ 870 ملیار دیناری‌ بۆ خەرجییەکانی‌ بەگەڕخستنی‌ وەزارەت و فەرمانگەکان خەرجکرابێت، هەروەها تەنها یەكجارو نزیكەی 85 دیناری دراوەتە بەغدا، ئەوە نزیکەی‌  سێ ترلیۆن دینار لەو داهاتە‌ ماوەتەوە، پێویستە ئەنجومەنی‌ وەزیران‌ و وەزارەتی‌ دارایی‌ بە خەڵکی‌ کوردستان بڵێن ئەم پارانە چی‌ لێدەکەن؟".

لە کۆتایشدا گوڵپى ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌، "چونكە تەواوی مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە دێت و لایەنەكانی دەسەڵات و حكومەتەكەیان یەك دیناریان بۆ مووچە خەرج نەكردووە، كەواتە كوا ئەو داهاتە زەبەلاحەی ناوخۆ؟".

2024-06-09
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.