ئابوری

ئێستا گەیشت.. دارایی هەرێم لیستێکی تری رەوانەی بانکی TBI کرد

نها نیوز - هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، چوارەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان ئاڕاستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کردووە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە "رۆژی پێنجشەمە 6ی حوزەیرانی 2024، لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی هەژماری من، و بە پشتبەستن بە ڕێکەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاری فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چوارەمین هەفتە لەسەریەک، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەڵسا بەناردنی زانیاریی (539) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکراشیکردووە "لەچوارچێوەی ڕێکەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاریی مووچەخۆران، کە ئەم بانکە لەنێوان هەشت بانکەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من هەڵدەبژێرن، بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بانکی ناوەندیی عێراق پەسەندی کردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات.

هەر بەگوێرەی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر "بە ناردنی ئەم لیستەی داتای فەرمانبەرانیش، ژمارەی داتای فەرمانبەرانی نێردراو ئێستا دەگاتە (3917) فەرمانبەر، کە لە نێویشیاندا (368)یان کارتەکانیان بۆ چاپ کراوە و ڕادەستی تیمی هەژماری من کراوە. وەک وەزارەتی دارایی و ئابوری چاوەڕوانین بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەزووترین کات دەست بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خوازیار بکات و قۆناغ بە قۆناغ کارتی بانکی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە.

ئ.ز

 
2024-06-08
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.